عەبادی بەرەو توركیا بەڕێكەوت

سەرۆك وەزیرانی عیراق بەرەو توركیا بەڕێكەوت و بڕیاریشە پاش چەند كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، سەردانی كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران بكات.

پەیجی فەرمی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ 25ی تشرینی یەكەمی 2017، عەبادی بەسەردانێك بەرەو توركیا بەڕێكەوت و سەردانەكەی لەچوارچێوەی جوڵە دیپلۆماسییەكانیدایە بۆ ناوچەكە، دوای گفتوگۆش لەگەڵ بەرپرسانی توركیا، سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات.

سەردانی عەبادی بۆ توركیا بە یاوەری هەریەك لەوەزیرانی ناوخۆ، نەوت، پلاندانان، كارەباو ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەك لەبەرپرسانی دیكەی‌ عیراقە و وەك خۆی ڕایگەیاندبوو "سەردانی هەریەك لە تاران و ئەنكەرە دەكات بەمەبەستی گەیاندنی بۆچونی عیراق لەسەر دۆخی ناوچەكە بەگشتیی".

شەوی ڕابردووش ڕایگەیاند "هەوڵی دابەشكردنی عیراقمان تێكشكاند و هێزەكانی پێشمەرگەش لەناوچە جێناكۆكەكان هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی عیراقیان كرد، توركیاش جیابونەوەی هەرێمی بەمەترسی لەسەر ئەنكەرەو هەموو ناوچەكە زانیوە".



AM:09:55:25/10/2017