وادەی دەستلەكاركێشانەوەی بارزانی ئاشكرادەكرێت

پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان وادەی دەست لەكاركێشانەوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم  ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت  "لە سەرەتای مانگی 11وە ماوەی سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی تەواو دەبێت".

رۆژنامەی ئاژانس لە ژمارە (61)یدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكرایەوە لەسەر زاری فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە "جەنابی كاك مەسعود لە دوای 1/11/2017وە ماوەكەی تەواو دەبێت و هەڵبژاردنیش نەكراوە تا كەسێكی تر بچێتە شوێنەكەی، جەنابی سەرۆك وادەی سەرۆكایەتیەكەی تەواو دەبێت و ئۆتۆماتیكیەن دوای ئەو وادەیە دەستلەكار دەكێشێتەوە و نایەوێت ماوەكەی بۆ درێژ بكەنەوە".

هاوكات شوان شێخ ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەهەمان ڕۆژنامەی راگەیاندووە كە "پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم سڕ دەكرێت، چونكە هیچ سیغەیەكی یاسایی نابێت بۆ درێژكردنەوەی و ماوەكەی تەواو دەبێت و دەسەڵاتەكانی بەسەر سەرۆكایەتیی حكومەت و پەرلەماندا دابەش دەكرێت".

شەوی ڕابردووش سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بە "سپی میدیا"ی راگەیاند" لە دوو رۆژی داهاتوودا بارزانی پەیامێكی گرنگ بڵاودەكاتەوە".

ئەو سەرچاوەیەی ناو پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پەیامەكەی بارزانی پەیوەندی بە پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە هەیە و وەك پێشتریش رایگەیاندووە ئەو " نە لەگەڵ خۆ كاندیدكردنەوەیە، نە لەگەڵ درێژكردنەوەی ماوەكەیەتی".



AM:11:20:25/10/2017