هاوردەكردنی سوتەمەنی ئاسایی دەبێتەوە

بەیانی ئەمڕۆ دەروازەی سنوری باشماخ كرایەوە و سەرپەرشتیاری دەروازەكەش دەڵێت "ڕێگە بەهاوردەكردنی‌ سوتەمەنی بۆ هەرێمی‌ كوردستان دەدرێت".

دوای 10 ڕۆژ لە داخستنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جموجۆڵی گەشتیاری بەڕووی هەرێمی كوردستاندا كرایەوە. 

لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ئەزوەر محەمەد،  سەرپەرشتیاری‌  دەروازەی‌ نێودەوڵەتی‌ باشماخ  ڕایگەیاند، لەمڕۆوە هەموو هاتوچۆیەكی‌ هاوڵاتیان و جموجوڵی‌ بازرگانی‌ لەمەرزەكە ئاسایی بۆتەوە و هیچ گرفتێك لەمەرزەكەدا بونی‌ نەماوە و وتی "ئێران بۆ كردنەوەی مەرزەكە هیچ مەرجێكی‌ پێشوەختەی‌ دانەناوە كە دەروازەكانی‌ بەڕوی‌ هەرێمی كوردستاندا كردۆتەوەو جگەلەوەش تائێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە كە لەبەرامبەركردنەوەی‌ دەروازەكاندا تیم و كارمەندی حكومەتی‌ عیراق لەدەروازەكە دەستبەكاربن".

لەبارەی بوونی كارمەندی حكومەتی عێراق لە مەرزەكە سەرپەرشتیاری‌  دەروازەی‌ نێودەوڵەتی‌ باشماخ   ڕایگەیاند "ڕاییكردنی‌ مامەڵەی‌ سەرجەم هاوڵاتیان و جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ لەلایەن كارمەندانی‌ مەرزەكەوەیەو حكومەتی‌ عیراق تائێستا هیچ بڕیارێكی‌ لەوبارەیەوە دەرنەكردە".

سەبارەت بەهاوردەكردنی‌ سوتەمەنی‌ و ڕێگەدانی‌ لەلایەن ئێرانەوە، ئەزوەر محەمەد وتی‌ "لەمڕۆوە هاوردەكردنی‌ هەموو جۆرە سوتەمەنیەك بۆ هەرێم ئاسایی دەبێتەوەو جگەلەوەش هەرێم  زیاتر هاوردەی شمەك و سوتەمەنی‌ كردوە كەمتر شمەك و كاڵای‌ هەناردەكردوە".

بەگوێرەی زانیاریەكان لە هەفتەی داهاتوشدا ئەگەر هەیە مەرزی پەروێز خان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕووی هەرێمی كوردستاندا بكرێتەوە.

لە ئەگەری بەردەوامی كرانەوەی ئەو مەرزە و مەرزەكانی دیكەش بەڕووی هەرێمدا نرخی سوتەمەنی و بەتایبەت بەنزین و نەوتی سپی بەرەو هەرزان بوون دەچێت كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی داخستنی مەرزەكانەوە نرخی سوتەمەنی ڕووی لەزیادبوون كردبوو، بەو هۆیەشەوە هاوڵاتیانی ناوچە سنوریەكان و گوندنشینەكان ڕوویان لە بڕینەوەی دارەكان دەكرد بۆ بەكارهێنانی لەبری سەتەمەنی.



PM:12:14:25/10/2017