سپی بڕیارە نهێنییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بلآودەکاتەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوێنێ ٢٤ ی تشرینی یەکەم بە سەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی کۆبووەو کۆمەڵێک بڕیاری رێکخراوەی دەکرد، سپی ناوەرۆکی ئەو بڕیارانە بلآودەکاتەوە.

بەپێی هەندێک زانیاری دەست سپی کەوتووە، لەگەڵ ئەو راگەیاندنەدا کە دوێنێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بلآویکردەوە، بڕیار لەسەر ژمارەیەک هەنگاوی کردەی دراوە، لەوانە ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەی کە لە راگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسیدا بڕیاری لەسەر دراوە، لێکۆڵینەوە لەهەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەفعت عەبدولآ و شێخ جەعفەر و ئاسۆ مامەند ( وەک بەرپرسانی کەرکوک)و، وەستا رەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکوک و لاهوری شێخ جەنگی لێپرسراوی پاراستن و زانیاری ( زانیاری ) و ئاراس شێخ جەنگی دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانە لیكۆڵینەوەکە " بافڵ تاڵەبانی ناگرێتەوە" کوڕە گەورەی تاڵەبانی.

لێکۆڵینەوەکەش لە سەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ٧٠ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەرەکانی باشووری کەرکوک شەو و بەرەبەیانی ١٦ ی تشرینی یەکەم دەکرێت، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو بەرپرسانە دەکرێت کە لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی و قاسمی سلێمانی فەرمانگەی سووپای قودس هەیانبووە، لە پێش رووداوەکەوەو لەکاتی رووداوەکەدا بەبێ ئاگادار جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە.

یەکێک لەو پرسانەی تر کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا بڕیاریان لەسەر داوە، پرسی میدیاکانی یەکێتییە کە دوێنێ بڕیار دراوە تەلەفزیۆنی گەلێ کوردستان و رادیۆی گەلی کوردستان بکەوێتەوە ژێر دەستی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

سەبارەت بە کەناڵی کوردسات، بەوپێیەی کەناڵەکە موڵکی تایبەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، ئەو کەناڵە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

تا ئێستا هەڵوێستی ئەو باڵەی کە دەڵێن ٣٨ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵماندا بووەو خاوەنی پرۆژەیەک بووین بۆ دوورخستنەوە شەڕی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دیار نییە لەسەر ئەو بڕیارانەی دوێنێی مەکتەبی سیاسی چییە.
  



PM:03:44:25/10/2017