سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری رایگەیاند" بە گەڕانەوە بۆ دادگای دەستوری و دیالۆگ قەیرانی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا تێدەپەڕێنرێت".
د.بەرهەم ساڵح سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری لەمیانی لێدوانێكی بۆ كەناڵی حەدەسی عەرەبی رایگەیاند " ناكرێت لە ململانێی ئێستای هەولێر و بەغدا بەلۆژیكی سەركەوتوو و بەزیو مامەڵە بكەین، لەراستیدا لەم ڕەوشەدا سەركەوتوو و بەزیوو بوونی نییە، چونكە هێزێكی زۆر لەم شەڕەی دوایدا لەناوچووە، لەكاتێكدا دەبوایە ئێستا سەرقاڵی ئاوەدانكردنەوە بوونایە، بەڵام سەرقاڵی شتی دیكەین، بۆیە با بگەڕێینەوە بۆ دادگای دەستووریو دیالۆگ".
ناوبراو پێیوایە ئەو لایەنەی دەتوانێت ریفراندۆمی ٢٥ ی ئەیلول هەڵوەشێنێتەوە دادگای فیدراڵی عێراقە.
سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری ڕوونكردەوە قەیرانی مێژوویی پرسی كورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بەهێزو سەپاندنی ئەمری واقع چارەسەر نەكراوەو ناكرێت، هەروەها رایگەیاند "سەدام حسێن بەسوپاكەیو چەكی كیمیاییو كۆمەڵكوژی نەیتوانی ئەوە بكات، ئێستا دۆخێكی نوێ هەیە و هەموومان بەشداریین لەدروستكردنی ئەم دۆخە نوێیەدا دوای رووخانی سەدام حسێن.
بەرهەم ساڵح باسی لەوەش كرد، كە پێویستە بزووتنەوە نەتەوەییەكان وانە لەمێژووەوە وەربگرن، ئەو گوتارە نەتەوەییە، كە پێدادەگرێت لەسەر داواكردنی مافەكانی خۆی لەسەر حسابی مافی ئەوانی دیكە هەڵەیە.