سنوری زومار و مەحمودیەی نزیک فیشخاپور ئارامە

دوای شەڕێکی قورسی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی زومار و مەحمودیە کە دوێنێ زیاتر لە دە کاتژمێر  بەردەوام بوو، ئەمڕۆ هەینی بەرەکانی شەڕ ئارامە. 

سەرچاوەیەکی بالآی حیزبی لە دهۆک بە سپی راگەیاند " لەشەوەوە شەڕی راگیراوە و ئەمرۆش بەرەکانی شەڕی نێوان حەشدی شەعبی و ‌هێزە عێراقییەکان لەناوچەکانی زومار و مەحمودیە نزیک فیشخاپور ئارامە ". وەک ئەو ئاماژەی بۆ کرد دوێنێ عێراق هەرچی توانای تۆپهاویشتن و مووشەکە بە شێوەیەکی چڕ لەو شەڕەدا بەکاریان هێنا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد کە هێزە عێراقییەکان لەشەڕی دوێنێیاندا بەرامبەر پێشمەرگە پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەستنەهێناوە.

سەبارەت بە دووری هێزە عێراقییەکانی لە خاڵی فیشخاپوورو بۆری نەوتی هەرێم و بۆری کۆنی نەوتی عێراق کە دەچنە ناو خاکی تورکیاو لەوێوە بۆ بەندەری جیهان دەڕۆن، سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کە سووپای عێراق نزیکەی ٢٥ کم دوورن لەو شوێنە ستراتیژیانەوە.

بەپێی زانیارییە ستراتیژییەکان تورکیا و عێراق کۆکن لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەروازەی فیشخاپوور، چونکە کردنەوەی دەروازەیەکی لەو شێوەیە بەتەواوی رۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستان دادەبڕێت.  



PM:12:54:27/10/2017