" پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان لەموسڵ کۆدەبنەوە "

سوپاسالاری پێشووی عێراق رایگەیاند ، بۆ دانوستاندن شاندێكی باڵای سەربازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و عێراق بە ئامادەبوونی ئەمریكییەكان لە موسڵ كۆدەبنەوە.

بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، بە رووداوی راگەیاندووە " نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 28-10-2017 شاندێكی باڵای سەربازی هەرێمی كوردستان دەچێتە شاری موسڵ و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی عێراق كۆدەبنەوە‌ ، لەو كۆبوونەوەکەدا ئەمریكییەكانیش ئامادە دەبن، پێشبینی دەكرێت بگەنە رێككەوتنێك بۆ ئەوەی بە تەواوی شەڕ بوەستێت".

لە 16-10-2017 حەشدی شەعبی ‌و سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر باشووری كوردستان و لەزۆربەی ناوچە جێناکۆکەکان هێزەکانی پێشمەرگەیان پاشەکشە پێکرد، دوو رۆژ لەمەبەریش لە سێ گۆشەی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان شەڕێکی قورس روویداو بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر بەردەوام بوو، بە نێوەندگیری ئەمەریکیەکان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە دوێنێوە شەڕی راگیراوە.

پێشتر سپی، لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمەوە رایگەیاند " وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دانوستان لەسەر کێشە سەربازییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا، پێکدێت لە کەریم شەنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە " ئەو دانوستانە تەنها لەسەر ناوچەکانی فیشخاپوور و ئیبراهیم خەلیل گفتوگۆ ناکەن، بەڵکو لەسەر تێکڕای ئەو شوێنانەی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی قسەدەکەن کە تا ناکۆکی لەسەرەو تا ئێستا بارگرژی تێدایە".

PM:12:12:28/10/2017