ئەمریکا دواين سنورى خاكى هه‌رێمى بۆ عه‌بادى ديارى كردوه‌

حەیدەر عەبادی ئاشکرایکردوە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ پشتیوانی لەو هەنگاوانە دەكات كە لەدژی هەرێم گرتوویەتەبەر، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نابێت هێڵی تەماس بشكێنێت‌ و نزیك بكەوێتەوە لە خاكی هەرێمی كوردستان.


رۆژنامەی (جەریدە)ی كوەیتی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئەوەی بڵاوكردەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردانەكەی هەفتەی رابردوویدا بۆ تاران و دیداری لەگەڵ عەلی خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەشێوەیەكی ئاشكرا پێی راگەیاندووە، ئەمریكا فشاری لەسەر دروست كردووە تاكو حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە و تێكەڵی سوپای عێراقیان بكات.

رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، خامەنەیی بە عەبادی راگەیاندووە، پەلە لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دا مەكە تاكو سەرجەم كێشەكان تێدەپەڕێنێت.

هاوکات حەیدەر عەبادی ئەوەی روونكردوەتەوە، واشنتۆن پێی وایە حەشدی شەعبی هێزێكە بە فەرمانی ئێران كاردەكەن لەناو عێراق‌ و ئەوەشی بە خامەنەیی راگەیاندووە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە گڵۆپی سەوزی ئەمریكای لەلایەن رێكس تێلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هه‌ڵكراوه‌ و پێی راگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ پشتیوانی لەو هەنگاوانە دەكات كە لەدژی هەرێم گرتوویەتەبەر، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نابێت هێڵی تەماس بشكێنێت‌و نزیك بكەوێتەوە لە خاكی هەرێمی كوردستان.


رۆژنامە كوەیتیەكە ووردەکاری كۆبوونەوەی نێوان عەبادی‌ و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی كردووەو بڕیاریانداوە، دەروازە سنوورییەكانی وڵاتەكەی بەهەماهەنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكرێتەوە، بەڵام دەبێت دەروازەكانیتر لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ناوەندی بێت.



PM:01:17:28/10/2017