جەعفەر ئێمینکى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاندووە، نامەیەک لە بارزانییەوە گەیشتووەتە پەرلەمان و سبەى نامەکەى لە پەرلەماندا دەخوێندرێتەوە.
ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان بڵاویکردەوە، کە جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رايگەياند، ئەمڕۆ 28تشرینی یەکەم، نامەیەك لە بارزانییەوە گەیشتووەتە پەرلەمانی كوردستان و لە دانیشتنی سبەی دەخوێندرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستاندا هیچ ئاماژەیەک لە ناوەڕۆکى نامەکەى بارزانى نەکراوە.
ئەمڕۆش دلێر ماوەتى، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ پەرلەمان کۆدەبێتەوە و دانیشتنەکەش دەرچەیەک دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دانیشتنەکە دەرچەیەکى یاسایی دەبێت و پەرلەمان دەرفەتى زیاتری دەبێت بۆ ئەوەى خۆی یاساکانى دەربکات و هەر خۆشى ئیمزایان بکات بۆئەوەى بەزووی جێبەجێبکرێن.