نەجمەدین كەریم: بارزانی وازی لە پۆستەكەی نەهێناوە

پارێزگاری لەسەر کارلادراوی کەرکوک دەڵێت، "بارزانی وازی لە پۆستەكەی نەهێناوە، بەڵكو ماوەكەی كۆتایی هاتووە، بۆیە ئەمە شتێكی ئاساییە كە ئەنجامی داوە".

نەجمەدین كەریم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارێزگاری لەسەر کارلادراوی کەرکوک لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن-ی ئه‌مریكی لەبارەی دەستبارداربونی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم رایگه‌یاندوە:" بارزانی وازی لە پۆستەكەی نەهێناوە، بەڵكو ماوەكەی كۆتایی هاتووە، بەڵێنیشی بە گەلەكەی دابوو كە بەردەوام نابێت لەسەر پۆستەكەی و ناشیەوێ ماوەكەی درێژتر بكرێتەوە، بۆیە ئەمە شتێكی ئاساییە كە ئەنجامی داوە".

وتیشی، بارزانی ئاڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرز كردەوە و ریفراندۆمەكە بە شێوەیەكی زۆر ئاشتیانە و سەركەوتوو بەڕێوەچوو، بەڵام بە داخەوە پەرچەكرداری عیراق و وڵاتانی دراوسێ دڵڕەقانە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا خەونی سەربەخۆیی هێشتا زیندووە، ئێستاش بێگومانم دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هەر دروست دەبێت، زووتر لەو كاتەش كە هەندێك كەس بیری لێ دەكەنەوە".

لەبارەی روداوەکانی کەرکوک و دەوروبەری نەجمەدین كەریم ئاماژەی بەوەدا، كەركووك داگیر كراوە، بەڵام رزگاری دەكەینەوە.



AM:11:48:30/10/2017