دەزگای هەواڵگری ئەمریكی: بەمنزیكانە هەرێم لەلایەن چەند سەركردەیەكی نوێوە بەڕێوە دەبرێت

دەزگای ستراتفۆری ئەمریكی بڵاویكردەوە، بەمنزیكانە هەرێم لەلایەن چەند سەركردەیەكی نوێوە بەڕێوە دەبرێت و ڕاشیدەگەیەنێت "هەرێمەكە ڕووبەڕووی كێبڕكێ و دابەشكاری كۆمەڵایەتی دەبێتەوە"

 دەزگای ستراتفۆر، كە دەزگایەكی هەواڵگری ئەمریكیە پێشبینیەكانی لەبارەی پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت "هەرێمی كوردستان بەمنزیكانە لەلایەن چەند سەركردەیەكی نوێوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام هەرێمەكە ڕووبەڕووی كێبڕكێ و دابەشكاری كۆمەڵایەتی دەبێتەوە".

 دەزگاكە نوسیویەتی، دوای ئەوەی بارزانی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی راگرت، پێدەچێت دەسەڵات لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانیدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت هەروەها سەردەمێكی نوێ لە سەركردایەتی هەرێم بێتە ئاراوە.

دوو مانگ لەمەوبەر دەزگاكە توێژینەوەیەكی لە سەر بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا بڵاوكردەوە، لە باسی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، "سەربەخۆیی كورستان لە ئێستادا ئەگەرێكی دوورە و ئاماژەی بەوەشكردووە لە ساڵی ٢٠١٨دا حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دەسەڵاتەكان بە شێوەی شەراكەت دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە"‌.

ناوەندی ستراتفۆر دەزگایەكی هەواڵگری ئەمریكییە و لە ساڵی ١٩٩٦وە دامەزراوە  و لە چەندین راپۆرتی ساڵانە و وەرزی و مانگانەدا پێشبینییەكانی خۆی بۆ دۆخی سیاسیی و ئاسایشی جیهانی دەخاتەڕوو و راپۆرتەكانیشی لەلایەن ناوەندەكانی توێژینەوە و بەرپرسانی وڵاتانەوە بایەخی تایبەتی پێ دەدرێت.



PM:12:37:31/10/2017