نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە گۆڕانەوە دەكات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی پەیوەندی بە گۆڕانەوە دەكات و داوا دەكات گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پەرلەمان بەهۆی دۆخی ئێستای هەولێرەوە دوابخرێت.

لەژمارەی ئەمڕۆیدا ڕۆژنامەی "ئاژانس" لەزاری سەرچاوەیەكی گۆڕانەوە ئەوەی ئاشكراكردووە دوای دروستبوونی پشێویەكان لە هەولێر و بەتایبەت لە بینای پەرلەمان نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی كردووە بە عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و داوای لێكردوون گەڕانەوەی یوسف محەمەد دوابخەن تا دۆخەكە هێوەر دەبێتەوە.

هەروەها سەرچاوەكە ئەوەی بۆ ڕۆژنامەكە ئاشكراكردووە نێچیرڤان بارزانی داوای لە ڕێكخەری گشتی گۆڕان كردووە هاوكاربن لە هێوەر كردنەوەی دۆخەكە و بەڵێنیشی داوە كێشەكان چارەسەر بكات.

ئەوەشی وتووە "هۆكاری ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەی بارزانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی دۆخێكی ئاڵۆز لە هەولێر و ناكۆكی لەناو خودی پارتیدا دروستبووە".

هاوكات سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان یوسف محەمەدی سەرپشك كردووە لە گەڕانەوەی یان نەگەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان داوای گرنتی كردووە لەوەی لەكاتی گەڕانەوەیدا ڕووداوی هاوشێوەی شەوی 29ی ئۆكتۆبەر ڕوونەداتەوە.

ئەوەشی ئاشكراكردووە ئەگەر تا 6ی 11 دۆخی پەرلەمان و هەولێر ئاسایی نەكرێتەوە و هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بێئەنجام بێت یوسف محەمەد دەست لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكێشێتەوە.



AM:10:18:01/11/2017