عەبادی هۆشداری دەداتە پارتی

سەرۆكی وەزیرانی عیراق پارتی تۆمەتبار دەكات بەجوڵەپێكردنی هێز لەدژی سوپای عیراق و رایدەگەیەنێت " ئەگەر ئەو هێرشانە رانەگیرێت، هێز بەكاردەهێنین".


حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ ژمارەیەك لەرۆژنامەنووسان، رایگەیاند "هێزە چەكدارەكانی پارتی هێرشیان كردۆتەسەر هێزەكانی فیدراڵی، ئەگەر ئەو هێرشانە رانەگیرێن، هێز لەدژیان بەكاردەهێنین بۆ كۆتایهێنان بەو زیادەرۆییانە".

عەبادی دەڵێت "نامانەوێت شەڕ لەگەڵ هەرێم بكەین، ئەمەش لەترسەوە نییە، بەڵكو دەمانەوێت گیانی هاوڵاتیان بپارێزین، دەمانەوێت پێكەوە بژین نەك یەكتری بشكێنین".

سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لەوەکردەوە، بەپێی دەستوور هێزەكانی فیدراڵی لەسەرجەم ناوچەكانی عیراق بڵاوەپێدەكەن، سەرجەم دەسەڵاتە فیدراڵیەكانیش لەناو هەرێمی كوردستان پیادە دەكەن.

سەبارەت بەگفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم، عەبادی دەڵێت "هیچ وتوێژێك لەگەڵ هەرێمدا ناكەین، تەنیا بەمەرجێك نەبێت كە ریفراندۆم هەڵبوەشێتەوە". 



PM:08:22:01/11/2017