بەغدا چەند بڕیارێک لەبەرژەوەندی هەرێم دەردەكات

كێشەی پسوڵەی خۆراكی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت و تا كۆتایی ئەمساڵیش تەواوی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆساڵی 2017 خەرج دەكرێت.


نوسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە  "ئێوارەی ئەمرۆ 2ی تشرینی دووەمی 2017، ئارام شێخ محەمەد لەشاری بەغدا، لەگەڵ سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانان و وەزیری بازرگانی عیراق بەوەكالەت كۆبوەوە

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە "گفتوگۆ لەسەر پارەی گەنمی جوتیاران و كێشەی دواكەوتنی دابەشكردنی پسوڵەی خۆراكی هاوڵاتیانی هەرێم كراوە كە بەهۆی نەبونی پارەوە لەبەغدا ڕاگیراوە، ئارام شێخ محەمەد داوایكردوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە ڕەزامەندی پیشانبدات بەپێدانی پسوڵەی خۆراك بەقەرز بەپارێزگاكانی هەرێم و دوای دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیان دواتر پارەكە ڕەوانەی بەغدا بكرێت".

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکە وەزیری بازرگانی بەوەكالەت ڕەزامەندی پیشانداوە و داوایكردوە، دوای تەواوكردنی ڕێكارەكان بەڕێوەبەرایەتیەكانی خۆراك لەهەرێم سەردانی بەغدا بكەن بۆ وەرگرتنی پسوڵەی خۆراك.

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەكۆبونەوەكەدا وەزیری بازرگانی بەوەكالەت بەڵێنیداوە تاكۆتایی ئەمساڵ تەواوی پارەی ئەو گەنمە خەرجبكەن كە جوتیاران لەمساڵدا ڕادەستیان كردوە، وتویەتی "هەوڵی جدیش دەدەن تەواوی ڕێگرییەكانی بەردەم خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵەكانی رابردو كە تائێستا لای حكومەتی عێراق ماوە لایببەن و خەرجیبكەن".



PM:10:56:02/11/2017