پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا دوایین زانیاری لەبارەی ڕێكەوتنی سوپا و پێشمەرگە ڕادەگەیەنرێت

پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا وادەی كردنەوەی دەروازەی نوێی سنوری نێوان عێراق و توركیا ئاشكرادەكات و  ڕاشیدەگەیەنێت "بەمنزیكانە ڕێكەوتنێك لەنێوان سوپای عیراق و پێشمەرگە ڕادەگەیەنرێت".

جاسم بەیاتی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، حكومەتی ئەنكەرە ڕەتیكردۆتەوە جارێكی دیكە لەڕێگەی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیلەوە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات، بۆیە ئەگەر هەرێم دەروازەكە ڕادەستنەكات، ئەوە لە "شەش مانگی داهاتودا دەروازەیەكی دیكە لەنێوان عیراق و توركیا لەسنوری قەزای شنگال دەكرێتەوەو هەر توركیاش سەرپەرشتی كردنەوەی دەروازەكە دەكات".
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا وتوشیەتی "بەمنزیكانە ڕێكەوتنێك لەنێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە ڕادەگەیەنرێت و هێزە ئەمنیەكانی عیراق كۆنترۆڵی تەواوی خاڵە سنوریەكانی هەرێم دەكەن بەبەشداری هێزێكی پێشمەرگە كە بەبێ چەكی قورس و دەسەڵاتی كارگێڕیی وەك ئەوەی پێشتر هەیانبوو، لەگەڵ هێزەكانی عیراق دەبن".

پێشتر "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیای لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر ئەوەی ئاشكراكرد " پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزی باڵادەستە لەناوچەكانی دهۆك و موسڵ بڕیاری داوە لە رۆژانی داهاتوودا دەروازەی فیشخاپوور كە دەكەوێتە سەر سنوری هەرێم و توركیا و سوریا چۆڵ بكات بۆ ‌هێزە عێراقییەكان و حكومەتی فیدراڵ لەبەغدا".

هاوكات زانیاریەكان باس لەوە دەكەن هێزە عێراقییەكان هاوشێوەی كەركوك بەهێزێكی زۆرەوە دەروازەی فیشخاپور كۆنترۆڵ دەكەن و تیایدا جێگیر دەبن، هاوكات هەردوو بۆری كوردستان - جیهانی حكومەتی هەرێم و، بۆری نەوتی كەركوك - جیهانی عێراق كۆنترۆڵ دەكەن و تیایدا دەمێننەوە.




PM:01:59:05/11/2017