بڕی ئەو پارەیە ئاشکرا دەبێت کە بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم

وتەبێژی حکومەتی هەرێم سەفین دزەیی ڕایدەگەیاند " بەگوێرەی پرۆژەی بودجەی 2018، مانگانە نزیكەی 350 ملیار دینار بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت".

سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت هەوڵی ئەوەیە هەرێم لەقەوارەی یاسایی و دەستوری خۆی دەربكات".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشکرای کرد دەنگۆی ناردنی بودجە دورە لەراستیەوەو وتی " لە 17% کە لە سەردەمی حكومەتی عەلاوی بڕیاری لەسەردراوە، تاكاتی سەرژمێری كەمكراوەتەوە بۆ 12% و ئەوەش دوای دەركردنی بودجەی سیادی و حاكیمە، 6% تا %7 بۆهەرێم دەمێنێتەوە ئەوەش كە دەوترێت دەینێرن تەنها 350 ملیار دیناری مانگانەیە، ئەمەش كەمترە لەو مووچەیەی هەرێم كە ئێستا  بەپاشەكەوت  دەیدات".
ناوبراو وتیشی " کەچی بەغدا داوای هەموو داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكانیش دەكەن و لەسەر ئەو بنەمایە حكومەتی هەرێم  داوای ئەوە دەكات  كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور چارەسەربكرێت و ئەو نەهامەتییەی خەڵكی كوردستانی تیادەژی چارەسەر بكرێت.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوە کرد کە ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق رەشنوسی پرۆژەی بودجەی ئامادەكردووەو ئەگەر پەسەند بكرێت لە ئەنجومەنی وەزیران دواتر ناتوانرێت دەستكاری بكرێت، بۆیە هەرێم داواكارە دەستكاری بكرێت.

سەفین دزەیی ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی بەغدا پێویستە لەسەر ئاستی سیاسی لەگەڵ هەرێم گفتوگۆ بكات و تا ئێستا چوارچێوەی گفتوگۆكان لەسەر ئاستی سەربازی بووە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆش، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ووتی: هەوڵێك هەیە بۆ لەتكردنی هەرێمی كوردستان، داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە كە رێگە بەمە نەدرێت و هەموان پێكەوە هەوڵی تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە بدەن.



PM:06:59:05/11/2017