لیوایەکی پێشمەرگە هێرشدەکاتە سەر دادوەرێک و بە قورسی برینداری دەکات

 لەسلێمانی لیوایەکی پێشمەرگە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لەنەخۆشخانەی شۆڕش هێرشدەکاتە سەر دادوەرێکی داواکارێکی گشتی و بە قورسی سەری دەشکێنێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگای سلێمانی بە سپی راگەیاند" ئەمڕۆ یەک شەممە ٥ تشرینی دووەم لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی لە کاتی لێکۆڵێنەوەدا لیوایەکی پێشمەرگە هێرشدەکاتە سەر حاکمێکی داواکاری گشتی و پارچەیەک ئاسن دەدات بەسەریدا و سەری دەشکێنێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دادوەرەکەی داواکاری گشتی سەری بە " دوو تەقەڵ " دوراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، هەرچەندە دوای رووداوەکە ئاسایش چوونەتە شوێنێ رووداوەکە لە نەخۆشخانەی شۆڕش، بەڵام لیوا پێشـمەرگەکە دەرچووەو نەگیراوە.

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو لیوایە، سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کە ئەو لیوایە تا ئێستا نەگیراوەو هێزە ئەمنییەکانیش دوای هەڵهاتنی لە شوێنی رووداوەکە، هیچ هەوڵیان نەداوە بۆ دەستگیرکردن ئەو تۆمەتبارە.     



PM:09:28:05/11/2017