وەزیری تەندروستی: بەڵێنی دابینكردنی بەشە دەرمانی هەرێم دراوە

وەزیری تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێمیش ئاشكرایدەكات، وەزارەتی‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ عیراق بەڵێنیداوە بەشەدەرمانی‌ دوو مانگی‌ كۆتایی ئەمساڵی‌ هەرێم دابینبكات، دەشڵێت "بەڵێنمان پێدراوە بەشە دەرمانی‌ ساڵی‌ داهاتوشمان بۆ دابین بكرێت".

لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەشاری‌ هەولێر د.ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێم ڕایگەیاند "پەیوەندیمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی‌ حكومەتی‌ عیراق كردو پێمان ڕاگەیەندرا ئەو بودجەیەی‌ لە2017 بۆ سێكتەری تەندروستی‌ هەرێم تەرخانكراوە بڕكەی‌ 108 ملیار دیناربوە و سەرجەمی‌ بەكارهێنراوە".

وەزیری‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێم ئاشكرایكرد داوای‌ لەوەزیری تەندروستی‌ حكومەت عیراق كردوە هەرچۆنێك بێت چارەسەری‌ گرفتی‌ بەشە دەرمانی‌ هەرێم بكرێت و وتی‌"لەبەرامبەردا بەڵێنمان پێدرا لەبودجەی‌ ساڵی‌ داهاتودا دەرمان و پێویستی‌ پزیشكی‌ بۆ هەرێم دابینبكرێت".

وتیشی "ئەو دەرمان و پێداویستیە پزیشكیانەی‌ لەبەغداوە ڕەوانەدەكرێن دەگاتە لە50%ی پێداویستی‌ پزیشكیی‌ هەرێم، بەڵام بەهاوكاری حكومەتی‌ هەرێم و وەزارەتی‌ دارایی و كۆمپانیاكان بەشە دەرمانی‌ پێویست دابیندەكەین".

وەزیری‌ تەندروستی‌ ڕەتیشیكردەوە هیچ جیاوازیەك بكرێت لەنێوان بڕە دەرمانی پارێزگاكانی هەرێمدا و ڕایگەیاند، "ئەگەر حەبێك بێت بۆ سلێمانی‌ دەیكەین بەچوار بەش و بەسەر پارێزگاكانی‌ دیكەی‌ هەرێمدا دابەشی‌ دەكەین".

لەبارەی دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشە دەرمانی هەرێم لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕایگەیاند "بەهیچ شێوەیەك دەستبەسەر بەشە دەرمانی‌ هەرێمدا نەگیراوە و بڕی پێویستمان هاوشێوەی‌ پارێزگاكانی‌ دیكەی‌ هەرێم لەلایەن بەغداوە بۆ ڕەوانە كراوە و ئێستاش بەڵێنیانداوە ناردنی‌ دەرمان بەردەوامبێت".



PM:01:59:08/11/2017