مەرجی ناردنی بودجەی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مەرجی حكومەت بۆ پێدانی پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی ساڵی 2018 ئاشكرا دەكات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە پێگەی "بەغداد الیوم"ی راگەیاندووە "ئەو قسە و باسانەی لە میدیاكانەوە لە بارەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بڵاودەكرێنەوە و گوایە پشكی 17%ـی هەرێم بۆ 12% كەمكراوەتەوە، تەنها رەشنووسەكانە و هێشتا حكومەتی عێراق نەیكردووەتە پرۆژەی پێشنیازكراوی خۆی".

راوێژكارەی عەبادی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە پرۆژەی بوودجە هێشتا لە ژێر دەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و نەبووەتە پرۆژەی پێشنیازكراو و ئەوەی لە سەری دەوترێ تەنها بۆچوون و پێشبینیە.

دەربارەی مەرجی پێدانی پشكی بوودجەی هەرێم دەڵێت "بەگوێرەی پرەنسیپەكان دەبێت هەرێم داهاتەكانی رادەستی خەزێنەی دەوڵەت بكات، بۆ ئەوەی پشكی خۆی لە بوودجەی گشتی عێراق بدرێتێ".

لە هەفتەی ڕابردوودا ڕەشنوسی پرۆژە بوودجەی عێراق لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا و تیایدا پشكی هەرێم لە 17%وە كەمكرایەوە بۆ كەتر لە 13%.



PM:02:16:08/11/2017