سەرپەرشتیاری تیمی پزیشكی كۆسرەت ڕەسوڵ ڕایگەیاند، تەندروستی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی جێگیرە و چارەسەری پێویستیشی بۆ كراوە
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا دارا ڕەشید، پزیشكی تایبەتی و سەرپەرشتیاری تیمی پزیشكی ئاماژەی بەوە كرد، "كۆسرەت ڕەسوڵ بەهۆی گیرانی خوێنبەرەكانی ڕیخۆڵەیەوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە و چارەسەری پێویستیشی بۆ كراوە".
وتیشی، "ئەو ٧٢ كاتژمێرە بۆ چاودێری وررد بووە و باری تەندروستی لە ئێستادا زۆر باشە و لەكاتی ئێستادا پێویستی بە بردنەوە دەرەوەی وڵات نییە".
ئەوەش لە كاتێكدایە دوێنێ نوسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی رایگەیاند، كۆسرەت رەسول باری تەندروستی تێكچووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پزیشكدایە و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجامدەدرێت.
كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە ساڵی ١٩٥٢لە گوندی شیواشۆكی گەورەی سنووری قەزای كۆیە لەدایك بووە، لە ئێستادا جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.