لەبارەی ژەهر خواردكردنی كۆسرەت ڕەسوڵەوە ڕوونكردنەوە دەدرێت

دوای نەخۆشكەوتنی كۆسرەت ڕەسوڵ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەنگۆی "ژەهر خواردكردنی" بڵاوكرایەوە و سەركردەیەكی یەكێتیش لەو بارەیەوە روونكردنەوە دەدات

دوێنێ شەممە 11ی تشرینی دووەم، كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی، بەهۆی تێكچوونی باری تەندرووستیەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام داوە و بەشێكی ڕیخۆڵەی بڕدراوە

پاش ئەو هەواڵە، لە ژمارەیەك پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە "ژەهرخوارد" كراوە.

لەوبارەیەوە جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی "باسنیوز"ی ڕاگەیاندووە "نەخێر كۆسرەت ڕەسول دەرمانخوارد نەكراوە، خۆی نەخۆشە و باری تەندرووستی تێكچووە".

هاوكات ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی تشرینی دووەم دكتۆر دارا ڕەشید، پزیشكی تایبەتی و سەرپەرشتیاری تیمە پزیشكییەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند "ئێستا باری تەندرووستیی كۆسرەت رەسوڵ زۆر باشە و كاتژمێر دوای كاتژمێر باشتر دەبێت".



PM:01:28:12/11/2017