وردەكاریی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كۆنسوڵی وڵاتان بڵاوكرایەوە

ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دواتر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا كرا.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەعفەری ئیمنیکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "پەرلەمان راسپاردەی تەواوی بۆ گفتوگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئامادەکردووە و هیواخوازین زوو گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەستپێبکات".

بێگەر تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیش رایگەیاند "وەکو پەرلەمانی کوردستان پەیامی خەڵکی کوردستانمان گەیاندە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان".

 سکرتێری پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند "پەیامی ئێمە ئەوەبووە کە کورد میللەتێکی ئاشتیخوازە و دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دیالۆگی خۆی لەگەڵ بەغدا دەستپێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لە دانیشتنی رابردووی پەرلەماندا راسپاردەیەکی 18 خاڵیمان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا باسی هەموو ئەو خاڵ و ماددانەمان کردووە، کە لە رەشنووسی بودجەی عێراق ئێستا ئامادەکراوە، تاوەکو ئێستا نەچووەتە پەرلەمان و واژۆی لەسەر نەکراوە، بەڵام پێشێلکاری زۆری مافە دەستوورییەکانی کوردستانی تێدایە، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر گەورە لەسەر بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان دادەنێت".

بێگەرد تاڵەبانی وتیشی: "ئێمە دیالۆگمان بەلاوە گرنگە و پابەندبوونی خۆشمان بە دەستووری عێراق دووپاتکردووەتەوە، ئەگەر بێت و حکومەتی عێراقی پابەندنەبێت یاخود نەیێتە نێو دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لە بەیاننامەکە و ئەمڕۆش دووپاتمانکردەوە کە بژاردەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بژاردەیەکی کراوەیە و پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەستەبەرکردنی کۆدەنگی لەو بوارەدا دەکات".



PM:12:58:16/11/2017