سەرکردایەتی یەکێتی بەیاننامەیەکی توند لەسەر نەجمەدین کەریم دەردەکات

سەرکردایەتی یەکێتی وەڵامی نەجمەدین کەریم دەداتەوەو بە " گەندەڵ و كرده‌وه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ئیداری و وابه‌سته‌بوونی به‌ ئه‌جندایی لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو" تومەتبار دەکات.

لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە " به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و نمایشكردنی خۆی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ییه‌كی عه‌یار 24 و ته‌خشان و په‌خشان كردنی پاره‌ی كه‌ركوكیه‌كان و دروستكردنی تۆڕێك له‌ به‌ڵێنده‌ری تایبه‌ت به‌ خۆیی و بێ به‌شكردنی كه‌ركوكیه‌كان له‌ داهاتی شاره‌كه‌یان".

 دەقی روونكردنەوەكە:
رونکردنەوەیەک لەسەر دواچاوپکەوتنی نەجمەدین کەریمەوە
له‌چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، نه‌جمه‌دین كه‌ریمی پارێزگاری لادراوی كه‌ركوک کە لە شەوی ۱٥_۱۱_۲٠۱۷ بڵاوکرایەوە، له‌سه‌ر رووداوه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووی كه‌ركوك تا به‌ ئێستا ده‌گات، چه‌ندین قسه‌و روونكردنه‌وه‌ی بێ بناغه‌و دوور له‌هه‌موو ماناكانی ڕاستی به‌ ئامانجی ده‌ربازبوونی خۆی له‌ده‌یان دۆسێی گه‌نده‌ڵی و شكستی ئیداری خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ بێگومان كارو كرده‌وه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ئیداری و وابه‌سته‌بوونی به‌ ئه‌جندایی لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو و دوركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵەكه‌ی مام جه‌لال و چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌شاری كه‌ركوك، له‌پاڵ سه‌دان دۆسێی حاشا هه‌ڵنه‌گرو سه‌لمێندراوی گه‌نده‌ڵیدا، دۆخێكی دروستكرد كه‌ كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان باجی قورسیان بكه‌وێته‌سه‌ر، پێمان وایه‌ له‌دۆخی هه‌ستیاری ئه‌مڕۆی كوردستاندا وا پێویسته‌ تواناكان به‌ ئاڕاسته‌ی پاراستنی یه‌كڕیزی كاریان پێ بكرێت و دوركه‌وینه‌وه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ زیاتر به‌ره‌و دابه‌شبوونی نێوماڵی كوردی ئه‌مان بات، ئه‌گه‌ر نا پاراستنی كه‌ركوك له‌ شه‌ڕی داعش و بێ هه‌ڵوێستی پارێزگاری لادراو له‌به‌رگری به‌ته‌نها دینارێك بۆ پێشمه‌رگه‌و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و نمایشكردنی خۆی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ییه‌كی عه‌یار 24 و ته‌خشان و په‌خشان كردنی پاره‌ی كه‌ركوكیه‌كان و دروستكردنی تۆڕێك له‌ به‌ڵێنده‌ری تایبه‌ت به‌ خۆیی و بێ به‌شكردنی كه‌ركوكیه‌كان له‌ داهاتی شاره‌كه‌یان و تا ساخبوونه‌وه‌ی ده‌یان دۆسێی گه‌نده‌ڵی و سه‌دان كاری ئه‌منی و خراپه‌كاری له‌ كه‌ركوك و په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێره‌كانی جارێك له‌گه‌ڵ میتی تورك و جارێك له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی بەغداد و تا ئه‌گات به‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ناساندنی كه‌ركوك وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ، تێكڕا پێكه‌وه‌ به‌سن تا ده‌ری بخه‌ن پارێزگاری له‌سه‌ر كار لادراو چه‌نده‌ باری سه‌ر شانی به‌ خیانه‌ت و گه‌نده‌ڵی و تێكه‌ڵاوبوونی به‌ ئه‌جندای ده‌ره‌كی قورسكردووه‌، كه‌ ته‌نها كه‌یسێك له‌مانه‌ به‌سن نه‌ك ته‌نها له‌ یه‌كێتی به‌ڵكو وه‌ك هاوڵاتیه‌كی كوردستانیش ناسنامه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌و دادگایی بكرێت.
پارێزگاری له‌سه‌ر كار لادراو چۆن باسی خیانه‌ت و پاكی تێكۆشه‌ره‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌كات، له‌كاتێكدا ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ زیاد له‌سێ ساڵه‌ كه‌ركوكیان له‌ مه‌ترسیدارترین دوژمنی مرۆڤایه‌تی كه‌ داعشه‌ پاراستووه‌، خه‌ڵكی كه‌ركوك شایه‌تی خۆڕاگری و ڕۆڵی باڵای مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكن شان بە شانی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ئاسایش له‌ پاراستنی شاره‌كه‌یان، كێ خیانه‌تی كردووه‌ له‌ كه‌ركوك، ئه‌ی جه‌نابیان گوێبیست نه‌بوون (كاك مسعود) ده‌یان جار رایگه‌یاندووه‌ ئه‌وه‌ی روویدا پلانێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو ئێران و توركیاو عێراق به‌ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكا ئه‌نجامدرا، یان تۆ به‌ دیمه‌نی وێرانبوونی شاری كه‌ركوك سه‌رمه‌ست و دڵخۆش ده‌بیت، ئه‌گه‌ر تۆ پێشمه‌رگه‌ی مام بویت له‌شه‌وی مئامه‌ره‌كه‌دا بۆ ده‌سته‌ی پاسه‌وانی خۆتت سه‌رپشك كرد كێ له‌گه‌ڵت دێت بۆ هه‌ولێر، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی پە‌ڕێزت پاك بوو، ڕێگای هاوڕێكانت بۆ بەرگری  به‌ سلێمانی دا بوو نه‌ك هه‌ولێر.
له‌ كۆتایدا پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی حیزبی له‌گه‌ڵدا بكرێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌و دۆسێی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵوێست تۆماركردنانه‌ی  كه‌ وه‌ك نمایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵاو ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا ئه‌نجامی داون له‌ حزب ده‌ربكرێت و پاشان له‌ڕێگای دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی دادگایی بكرێت.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
ئەنجومەنی سەرکردایەتی 
۱٦_۱۱_۲٠۱۷



PM:10:42:16/11/2017