مەکگۆرک داوای یەکگرتویی لە هەرێم دەکات

 

برێت مەکگۆرک داوای یەکگرتووی لە هەرێم دەکات و ڕاشیدەگەیەنێت "پەنابردنی هەرێم و عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە ڕێگەی سەربازییەوە ڕەتدەکەنەوە".


ئەمڕۆ هەینی بریت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش لە هەولێر لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "ئەمریکا هەرجۆرە پەنابردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان ڕەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتەگەڕ بۆئەوەی گرژیەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوولا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لەسەر بنەمای دەستور کێشەکانیان چارەسەربکەن".

نوینەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش وتیشی "خوازیارین هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە، لە چوارچێوەی دەستوور و لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت".

مەکگۆرک جەختی لەسەر هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا کردووەتەوە.

هەروەها مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە "هەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێشتاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووە لەسەر ئاستی ئیداری و سیاسی دەستپێبکات".

ئەوەشی وتووە "جێبەجێکردنی دەستوور بە ئامرازە نادەستوورییەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە"



PM:05:49:17/11/2017