وادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاری کرا

ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە بانگهێشتنامەیەکدا داوایکردووە لە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوودا ئەندامانی ئەنجوومەنەکە ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە.


لەو بانگهێشتنامەیەدا کە ئەمڕۆ نێردراوە و وێنەیەکی دەست "سپی میدیا" کەوتووە، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ ئەنجامدەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕەوشی ئێستای پارێزگای کەرکوک دەکرێت.

بەگوێرەی زانیاریەکان لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کار بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ لە کەرکوک دەکات کە پشکی کوردە و کاندیدەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و هاتنی هێزە عێراقییەکان بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەش ڕوویان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کردووە.



PM:06:03:17/11/2017