یەکێتی و پارتی دەیانەوێت وەفدێکی حکومەت بچێتە بەغدا
گۆڕان ئەڵتەرناتیڤی هەیە

پێکهاتەی شاندی کورد بۆ بەغدا جیاوازی خستۆتە نێوان لایەنەکانەوە و بزووتنەوەی گۆڕان ڕای جیاوازی هەیە لە یەکێتی و پارتی.


سەرچاوەیەکی سیاسی باڵا بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند سەبارەت بە پێکهاتەی ئەو شاندەی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی بەغدا و تاوتوێکردنی ئەو دۆخەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر هاتۆتەئاراوە ڕای جیاواز هەیە لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمدا.

ئەو سەرچاوەیە ئەوی خستەڕوو کە بزووتنەوەی گۆڕان داوایکردووە وەفدێک لە هەر پێنج لایەنە بەشدارەکەی حکومەت پێک بهێنرێت و بە بەشداری ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەو وەفدە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد یەکێتی و پارتی ڕای جیاوازیان هەیە و دەڵێن کە "دەبێت وەفدێکی حکومەتی هەرێم کە هەر پێنج لایەنە سەرەکیەکەی هەرێم تیایدا بەشدارن گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن.

لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ پێشوازیکردن لە وەفدی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستانیش یەکدەنگ نین و ڕای جیاوازیان هەیە لەبارەی پێکهاتەی ئەو وەفدەی کە دەبێت دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات.



PM:11:12:21/11/2017