سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا دەستی لەكاركێشایەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 22 نۆفەمبەری 2017 سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا دەستی لەكاركێشایەوە و هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەشی لە نوسینێكدا ئاشكرادەكات.

توانا عوسمان لە نوسنێكدا دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا ڕاگەیاند و دەڵێت "دوای زیاتر لە 7 ساڵ و 8 مانگ بەسەر كاركردنمدا لە كەناڵی NRT خۆشەویست، هەر لەدامەزراندنیەوە بۆ بەرێوەبردنی كەناڵەكە، تاوەكو دەگات بەسەرۆكایەتی كردنی دامەزراوەی میدیایی نالیا و نوێنەرایەتی كردنی ئەم پرۆژە ناوازەیە كە پێم وایە بەدروستبوونی وەرچەرخانێكی نەوعی لەمیدیای بینراوی كوردیدا هێنایەكایەوە.

توانا دەڵێت "بەوپەڕی فەخركردنەوە بە پیشەییبوونی خۆم و بەشێكی زۆر لە هاوڕێكانمەوە، رایدەگەیەنم كە كاتی ئەوە هاتوە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا ببم و لەئەمڕۆوە وەك ڕۆژنامەنوسێكی سەربەخۆی كاری میدیای بكەم".

لەدرێژەی نوسینەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە "نایشارمەوە كەماوەی ساڵێك دەبێت بوونم لەپۆستی سەرۆكی دامەزراوەكەدا ئەوەندەی ناو بوە ئەوەندە كردار نەبوە، بەوپێیەش لەماوەی ئەو ساڵەدا وەك پێویست بەئەركی رۆژنامەنوسی خۆم هەڵنەساوم لەئاراستەكردنی سیاسەتی هاوسەنگانە و بابەتیانەی دامەزراوەكە".

دەشڵێت "لەئەمرۆ بەدواوە بەفەرمی هیچ پەیوەندیەكی پیشەییم بەناوەرۆكی رۆژنامەنوسی دامەزراوەكەوە نیەو تەنها نوێنەرایەتی خۆم دەكەم و دەمەوێت وەك پێشكەشكارێك درێژە پێشكەشكردنی بەرنامەی دیالۆگ بدەم".

سەبارەت بە داهاتوو دامەزراوەكە دەڵێت "هیوادارم دامەزراوەكە پابەندبێت بە دروشمە پیشەییەكانی خۆی و خزمەتی گەورەتر بە دۆخی سیاسی و كلتوری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكەمان بكات".

لەكۆتاییدا دەڵێت "لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی پێشووی كەناڵەكە و تێكڕای هاوكار و هاوپیشەكانم كەهەمیشە بەچاوی رێز و متمانەوە تەماشایان كردووم".

توانا عوسمان لە ساڵی 1977 لەسلێمانی لەدایكبووە و دەستپێكی كاری ڕۆژنامەنووسی لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە و ماوەیەك سەرنوسەری ئەو ڕۆژنامەیە بووە و لە دەستپێكی دامەزراندنیەوە سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیایە كە پێك هاتوە لە چەند كەناڵ و ڕادیۆ و وێبسایتێك.






PM:01:15:22/11/2017