ئاوات عەلی دەکرێتە بەڕێوەبەری دامەزراوەی نالیا

دامەزراوەی نالیا لە راگەیاندراوێکدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری رادەگەیەنێت و، دوای دەستلەکاركێشانەوەی توانا عوسمان لە بەڕێوەبەری دامەزراوەکەو، ئاوات عەلی ئەو پۆستە وەردەگرێت.

بەپێی راگەیاندراوێکی دامەزراوەکە کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، مەم وریا قانع دەکرێتەوە بەڕێوەبەری کەناڵی NRT لەبری ئاوات عەلی کە کراوە بە بەڕێوەبەری دامەزراوەی نالیا.

راگەیاندراوێک لە دامەزراوەی میدیایی نالیا-وە

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر دامەزراوەی میدیایی نالیادا هاتون، چەند گۆرانکارییەک لە پۆستەکانی بەرێوەبردن و پشکەکانی دامەزراوە میدیاییەکەدا هاتون، کە بەمجۆرەیە:

1- توانا عوسمان/ دەستی لەکارکێشاوەتەوە لە پۆستی سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا و وەکو پێشکەشکاری بەرنامەی (دیالۆگ) بەردەوامدەبێت.

2- ئاوات عەلی/ دەستی لەکارکێشاوەتەوە لە پۆستی بەڕێوەبەری (ئێن ئاڕ تی) و بوەتە سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا و پشکەکانی دامەزراوەکەشی خراونەتە سەر وەك سەرۆکی دامەزراوەکە.

3- مەم بورهان قانع/ بوەتە بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی.

ئەم گۆڕانکارییانەی دامەزراوەی میدیایی نالیا، دوای ئەوە دێت کە دوێنێ (٢١/١١/٢٠١٧)، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی پێشوی دامەزراوەکە، لە رونکردنەوەیەکیدا، دەستبەرداربونی لە دامەزراوەی میدیایی نالیا و پشکەکانیشی راگەیاند.

دامەزراوەی میدیایی نالیا، سەرەتا بۆ ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە، کە کۆمەڵێک میدیاکاری سەربەخۆ دەستیانکرد بە دامەزراندنی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)، وەکو یەکەمین دامەزراوەی میدیایی سەربەخۆ، کە سەرچاوەی داهاتەکەی لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنانی نالیاوە دابیندەکرا. دامەزراوەکە ئامانجی گواستنەوەی هەواڵە بەشێوەیەکی پڕۆفێشناڵ و ستاندارد بە دروشمەکانی راستگۆیی و هاوسەنگیی و بوێریی و، هەر لەسەر ئەم دروشمانەشی بەردەوامدەبێت.
ئەم دامەزراوەیە، پێکدێت لە:
- کەناڵی ئاسمانیی ئێن ئاڕ تی.
- کەناڵی ئاسمانیی ئێن ئاڕ تی دوو.
- کەناڵی ئاسمانیی ئێن ئاڕ تی عەرەبیی.
- دیجیتەڵ میدیای ئێن ئاڕ تی.
- نالیا ئێف ئێم.
- پام میدیا (کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ریکڵامی بازرگانییە و لە ساڵی ٢٠١٤دا دامەزراوە).

ئومێدەوارین لە داهاتودا، ئەم گۆڕانکارییانە ببنە هەوێنی زیاتر گەشەکردنی کەناڵەکانی سەر بە دامەزراوەکەمان، وێڕای سوپاسمان بۆ ماندوبونی سەرۆکی پێشوی دامەزراوەکە و، تەواوی ئەو رۆژنامەنوسانەی لە خەمی گەشەپێدانی ئەم دامەزراوەیەدا بون.

دامەزراوەی میدیایی نالیا
٢٢/١١/٢٠١٧



PM:02:29:22/11/2017