سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک: کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجومەن یاسای نەبوو

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایدەگەیەنێت کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک "نایاسایی بوو" دەشڵێت هیوادارم "لە ڕێگەی یاساییەوە ئەم هەوڵە بدەن".


ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی "باسنیوز"ی نزیک لە پارتی ڕاگەیاندووە "کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یاسایی نەبوو و تەنیا 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە لیستەکانی برایەتی، دوو حزبی تورکمانی و گردبوونەوەی عەرەبی پێکھاتبوون، بۆیە ڕێژەی یاساییان تەواو نەبوو".

لەبارەی هەوڵەکانی یەکێتیش بۆ کۆبوونەوە ڕایگەیاندووە "ھیوادارم لە دڵسۆزییان بێت و ھەوڵدانەکانی ئەو گرووپەی ناو یەکێتی بۆ ئەوە نەبێت کە پرسیاری لەبارەوە دەکەن، چونکە ئێستا بارودۆخێکی ناتەندرووست ڕووی لە کەرکووک کردووە، لەڕووی تەعریبکردنەوە لە ڕێی جێگری پارێزگاری کەرکووکەوە هەوڵێکی جددی هەیە".

ڕیبوار تاڵەبانی بەرپرسیارێتیی دروست بوونی ئەو ڕووداوانەی شاری کەرکووکی خستە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕایگەیاند "یەکێتی تا ئێستا تاکە هێزی کوردستانە کە لە کەرکووکدا ماوەتەوە، تاکە دەزگایەکی شەرعی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی کەرکووک، ئەنجومەنی پارێزگایە، بۆیە ھەوڵەکانی یەکێتیش لە ڕێی ئەنجومەنی پارێزگا بە ڕێگای دەستووری و یاسایی بیت، باشترە، نەک بیانەوێت ھەڵە بە ھەڵە چارەسەر بکەن".

دوێنێ دووشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەبێ ئەندامەكانی پارتی لەو ئەنجومەنە ئەنجامدرا و سێ بڕیار دەرکران.



PM:03:51:22/11/2017