پارتی: گۆڕان‌و کۆمەڵ لەسەر راسپاردەی ئێران ئەزمونی هەرێم تێکدەدەن

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیاند" بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، لەسەر راسپاردەی ئێران، دەیانەوێت ئەزمونی هەرێمی کوردستان تێكبدەن".

عارف تەیفور لە لێدوانێکیدا بۆ میدیایەکی یەکێتی، راگەیاندووە "گۆڕان و كۆمەڵ دەیانەوێت بەهەر شێوەیەك بێت، ئەم ئەزمونەی هەرێمی کوردستان تێكبدەن و هەموو دەستکەوتەکانمان بهێننەوە سەر سفر”.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو دوو حزبە ئەجێندای وڵاتێكی دیكە جێبەجێدەكەن و”لەسەر ڕاسپاردەی ئێران، دەیانەوێت هەرێم رادەستی عێراق بكەن و بە تەواوی بكەوینە ژێر كۆنترۆڵ و دەسەڵاتی بەغداوە”.

عارف تەیفور، پێکهێنانی حكومەتی كاتی لە هەرێمی كوردستان رەتکردۆتەوەو رایگەیاندووە "نە پارتی و نە یەكێتیش بەداواكاری هەڵوەشاندنەوەی حكومەت ڕازی نابن، چونكە حكومەتی هەرێم لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری دەكرێت و متمانەی ئەوەیان پێیانە، كە سەرۆك و جێگرەكەی دەتوانن ئیدارەی هەرێم بدەن”.




PM:09:20:25/11/2017