هێڵێكی نوێی بۆری نەوت لە كەركوكەوە بۆ توركیا ڕادەكێشرێت

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هێڵێكی نوێی بۆری نەوت لە كەركوكەوە بۆ ناوچەی فیشخابوری سەر سنوری توركیا و لەوێشەوە بۆ بەندەری جیهان ڕادەكێشرێت.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە بۆرییە نوێیەكە، نەوتی خاوی كەركوك بۆ بەندەری جیهانی توركیا دەگوازێتەوە كە بە تەنیشت هیڵی بۆرییە كۆنەكەدا ڕادەكێشرێت لە پاڵاوگەی بێجییەوە.

عاسم جیهاد ڕاشیگەیاندووە، وەزیری نەوت بانگهێشتی كۆمپانیاكان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سەر بە وەزارەتی نەوت كردوە تاوەكو پرۆپۆزەڵی تایبەت بە دروستكردنی بۆرییە نوێیەكە ئامادە بكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی ئەو بوارە بانگهێشت دەكەن و تەندەری پڕۆژەكە دابەشدەكرێت.

توانای بەرهەمهێنانی بیرە نەوتەكانی كەركوك لە ئێستادا نزیكە لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا و حكومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاند، لە پلانیدا هەیە تواناكەی بۆ یەك ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێكدا بەرزكاتەوە.



PM:02:48:26/11/2017