پارتی بەدیلێكی دیكە بۆ كێشەی هەرێم دەخاتەڕوو

بەهۆی ڕێكنەكەوتنی هێزە سیاسیەكان پارتی بیر لە بەديلێكی دیكە دەكاتەوە و ئەگەر هەیە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی باڵای پارتیەوە دەست "سپی میدیا" كەوتووە لە ئێستادا لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كۆك نین لەسەر بەردەوامیدان بەم حكومەتەی ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەڕێوەی دەبەن.

هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستان  و بەشێك لە یەكێتیش لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ئێستا و پێكهێنانی حكومەتی كاتیدا نین.

سەرچاوەكە ئەوەی بۆ "سپی" ئاشكراكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان بیر لە بەدیلێكی دیكە دەكاتەوە كە ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە مانگی نیسان و بەر لە هەڵبژاردنەكانی عێراق.

بە وتەی سەرچاوەكە ئەم بۆچوونە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای زۆرینەی لەسەرە، بەڵام وەك ئەو وتی "یەكێتی ڕای وایە كە پێویستە هەردوو وەرزی گرێدانی ئەم خولەی پەرلەمان تەواو بكرێت و هەڵبژاردنەكان هەشت مانگی دیكە ئەنجام بدرێت".

سەبارەت بە لایەنەكانی دیكەش سەرچاوەكە ڕایگەیاند "یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەدا نیە هەڵبژاردنەكان لە مانگی نیسان ئەنجام بدرێت و لایەنەكانی دیكەی وەك گۆڕان و كۆمەڵ لەگەڵ هەڵبژاردنن لەو وادەیەدا".



AM:11:32:29/11/2017