هەپەگە: لە چەند چالاکیەک ژمارەیەک سەربازی تورکیا کوژران

هەپەگە ڕایگەیاند لە شرناخ و جولەمێرگ دژی هێزەكانی سوپای تورك چالاكییان ئەنجامدا و ژمارەیەک سەربازی تورکیا کوژراون.

 


ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تشرینی دووەم، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" لە ماڵپەڕی فەرمیەوە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بە چالاكیی گەریلاكان لە شرناخ و جولەمێرگ و كوژرانی سێ سەربازی توركی ڕاگەیاند.

هەپەگە وتیشی، "دوێنێ كاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەكی سەرلەبەیانی، لە گردی خوەدێ-ی سەر بە ناوچەی عادڵبەگی شەمزینان-ی جولەمێرگ، گەریلاكانمان چالاكییەكیان دژی پێگەكانی سوپای تورك ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا سەربازێكی تورك كوژرا".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە "هەر دوێنێ كاتژمێر ١٢:٠٠ ی نیوەڕۆ، لە نزیك گردی كۆردینەی سەر بە چەلێ-ی جولەمێرگ، گەریلاكانمان چالاكییەكی دیكەیان ئەنجامدا، لەو چالاكییەكەشدا دوو سەربازی تورك كوژران، سوپای تورك پاش ئەو چالاكییە بە هەلیكۆپتەری سكۆرسكی كوژراو و بریندارەكانی گواستەوە".

هەپەگە لە كۆتاییدا باسی لەوەكردووە، "دوێنێ كاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ، لە دەوروبەری قلابان-ی سەر بە شرناخ، هێزەكانی سوپای تورك هەوڵیاندەدا كامێرای چاودێری دابنێن، گەریلاكانمان دژی ئەو سەربازانەی سوپای تورك چالاكییان ئەنجامدا، ژمارەی كوژراو و بریندارانی سوپای تورك لەو چالاكییەدا نەزانرا".



PM:07:57:29/11/2017