رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان داوای حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی دەکەن

ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و نوسەر دوای چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی لایەنەکان و بەرپرسانی حکومە پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی یەکڕیزی نیشتمانی ئاراستەی لایەنەکان و رای گشتی دەکەن.

هه‌ردی‌ مه‌هدی‌ میكه‌ مامۆستای زانکۆ و ئه‌ندامی‌ گروپه‌كه‌ به سپی راگەیاند‌ "ئێمه‌ گروپێكی كاتی بووین و دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ك سوككردنی باری شان و به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و خه‌مێكی قوڵ، بێ ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌راوهوریا و مه‌رامێكی سیاسییانه‌، كه‌وتینه‌ بیركردنه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ كاركردن له‌ پێناو یه‌كڕیزی نیشتمانی و خۆبه‌هێزكردنه‌وه‌ی كوردان له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا".

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەیەکدا وتی" رۆژی‌ 2017/10/28ه‌وه‌ تا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌  دوجار دیدارمان به‌ جیا جیا له‌گه‌ڵ كه‌سی یه‌كه‌م و مه‌كته‌ب سیاسی و كاریگه‌ره‌كانی ناو حزبه‌كانیان و دیدارمان له‌گه‌ڵ هه‌ر 5 حزبه‌كه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆك كۆماریشدا ئه‌نجامدا. جاری یه‌كه‌م وه‌ره‌قه‌ی پره‌نسیپه‌كان و جاری دووه‌میش وه‌ره‌قه‌ی میكانیزمه‌كان و چۆنێتی جێبه‌جێكردنی حكومه‌تی یه‌كڕیزی و نیشتمان و پرۆژه‌ی یه‌كڕیزی نیشتمانیمان پێدان".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت "سه‌ر له‌به‌رییان كۆی پرۆژه‌كه‌ و پره‌نسیپه‌كان (وه‌ره‌قه‌ی یه‌كه‌می هاوپێچ) و میكانیزمه‌كانیشیان (وه‌ره‌قه‌ی دووه‌م) زۆر به‌دڵ بوو و تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌یشی له‌سه‌ر جێهێشتن و كه‌م تا زۆر جێكه‌وته‌كانیمان له‌ گوتاری حزبه‌كانیاندا بینیوه‌ته‌وه‌".

 ده‌قی‌ پڕۆژەکە:

راگەیەندراوێک بۆ دامەزراندنی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی

لە پاش شکستەوە، لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ یەکپارچەیی و دوارۆژی گەش بۆ نیشتمان و خۆشگوزەرانی و کەرامەت بۆ گەلەکەمان، لە پاش دیدار و گفتوگۆی چڕ و هەمەلایەنە، وەرەقەی "پرۆژەی یەکڕیزی نیشتمانی"مان ئامادەکرد و هەر لە کۆتایی مانگی ئوکتۆبەرەوە کەوتینە دیدار لەگەڵ سەرۆک و بڕیاربەدەستانی هەر پێنج حیزب، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا کۆبوونەوەشمان لە گەڵ بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵدا بوو.

لەو دیدارانەدا، وێڕای خستنەڕوی پرۆژەکەمان کە جەخت دەکاتەوە سەر پاراستنی یەکپارچەیی کوردستان و دامەزاندنی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی بۆ ئەوەی بتوانین هەمو پێکەوە ئەم دۆخە ترسناکە تێپەڕێنین و گوزەرانی خەڵک چاک بکرێ و بە وەفدێکی بەهێز و بەئەجێندای یەکڕیزی نیشتمانیەوە دانوستاندن بۆ وەدەستهێنانی سەرجەم مافەکانی گەلی کوردستان بکەین. بە تێگەیشتنی ئێمە یەکڕیزی نیشتمانی لە لایەکەوە دەبێت لەسەر پایەی بەهێزی شەراکەتی راستەقینەی نێوان دەسەڵاتەکان و هێزە سیاسییەکان، لە لایەکیتریشەوە لە سەر ئەنجامدانی چاکسازیەکی راستەقینە وەستابێت.

لە تێکڕای ئەو دیدارانەدا، لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتنەدا، گفتوگۆی زۆر راشکاوانەمان ئەنجامدا و پاش گوێگرتن لە هەموو ئەو لایەنە، لە سەر بنەمای کۆکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکان، وەرەقەی دووەممان بە ناوی "میکانیزمەکانی وەدیهێنانی یەکڕیزی نیشتمانی" ئامادەکرد و بۆ جاری دووەم لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆبووینەوە و گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی راشکاومان لەگەڵ هەمو لایەک ئەنجامدا.
پێمانوایە تاکە رێگای تێپەڕاندنی ئەم شکستە و وەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان، تەنها یەکڕیزی گەلی کوردستان و هێزە سیاسیەکانیەتی، تاکە زەمانەتێکی خێرا چاککردنی گوزەرانی خەڵکی سەربەرزی کوردستان ئەوەیە بە پەلە و لەسەر بنەمای یەکڕیزیەکی راستەقینەی بەهێزەوە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا ئەنجامبدەین، هەر بۆیە ئێستا پاش تەواوبوونی ئەم قۆناغەی کارەکەشمان بە پێویستمان زانی ئەم پوختەیە و هەردوو وەرەقەکە بخەینە بەردەست گەلەکەمان، بەو هیوایەی توانیبێتمان بەشێک لە ئەرکمان بەرامبەر بە گەل و نیشتمان گرتبێتەئەستۆ. هاوکات جارێکی دیکە داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین بۆ ئاستی لە خۆبوردویی گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی بەرزببنەوە و حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی لەسەر پایەکانی شەراکەت و چاکسازی راستەقینە وەدیبهێنن.

سەربەرزی بۆ شەهیدانی کوردستان
بژی پێشمەرگە
بژی کوردستان


١- د. نەزاکەت حسین

٢- د. عەبد عارف

٣- د. سەربەست رەسول

٤- مەهدی ئەبوبەکر

٥- هەردی مەهدی میکە

٦- سەردار عەبدوڵڵا


پرۆژەی یەکڕیزی نیشتمانی



لەم دۆخە هەستیار و چارەنوسسازەی نیشتمان و گەلەکەمانی پێدا تێدەپەڕێ، هەمو داگیرکەر و نەیارەکانمان، بە هەمو توانا و چەکە جۆراوجۆرەکانیانەوە یەکیان گرتوە بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، بەڵام گرەوی سەرەکییان لەسەر دەبەرەکی و پارچەپارچەبونی خۆمانە، هەر لەم سۆنگەیەوە لەسەرەتاوە پیلانی ئەوەیان داڕشتبو کە بە خۆمانەوە سەرقاڵمان بکەن، لە شێوازێکدا کە ناویان نابو (لۆمە و خەتابارکردن)ی یەکتر، تا دەگاتە ئەوەی بە قۆستنەوەی دۆخی خراپی کوردستان و، ئاستی خراپی گوزەران و نارەزایەتی خەڵک، گەلەکەمان بگاتە ئاستێک تەنانەت بە سیناریۆی زۆر ترسناک رازی بن، لەوانەش سیناریۆی دابەشکردنی کوردستان.
هەر لێرەوە ئێمە لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەخت و یەکلاکەرەوەیە، داوای دەکەین کە هەمو لایەک پابەندی بەرژەوەندی گشتی و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان بێ:
١- پاراستنی یەکپارچەیی خاک و گەل و دامەزراوەکانی کوردستان هێڵی سورە، هیچ بیانویەک نابێ ببێتە مایەی دەست بۆ بردنی.
٢- خۆبەدورگرتن لە هەر هەوڵێکی یەکلایەنە کە ببێتە مایەی زیاتر قوڵکردنەوەی درزەکانی ناو ماڵمان.
٣- دەستگرتن بە یەکڕیزی و ئیجماعی نیشتمانیەوە، بەمانای یەکڕیزی گەلی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی، ئەوەش بە گرتنەبەری تێگەیشتنێک بۆ چەمکی یەکڕیزی نیشتمانی کە لە ناوەوە و دەرەوە بەهێزمان بکات. یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ئەوەی پتەو و پایەدار بێت، دەبێ لەسەر پایەی قایم دابمەزرێت، لێرەوە پێمان وایە کە ئەم یەکڕیزییە پێویستە لەسەر پایەکانی چاکسازی خێرا و شەراکەتی راستەقینە بنیا بنرێت. ئەگەر ئەم چەمکە بەو دو پایە پتەوەوە بگیرێتە بەر و بە ئالیەتێکی گونجاو بەرجەستە پیادە بکرێ، ئەوا لەم دۆخە ناسکەدا لەلایەکەوە بەرامبەر بە دەرەوەی خۆمان و لە دانوستاندندا بەهێزمان دەکات، و لە ناوەوەش بەشێک لەو متمانەیە دەگێڕێتەوە کە گەلەکەمان بە دۆخەکە و لایەنەکانی نەماوە، یەکڕیزیمان سنورەکانی تەنها لایەنە سیاسیەکان تێدەپەڕێنێ بەرەو بیناکردنی یەکڕیزیی و ئیجماعی نیشتمان.
٤- ئەرکی خێرا چاککردنی گوزەرانی خەڵک پێداویستیەکی هەنوکەییە، کە دەسەڵاتی کوردستان هەرچی کردوە دەبێ چارەسەری بکات، بۆ ئەوەی بیانو نەدات بە هەوڵەکانی بەغدا لە دابەشکردنی کوردستان و سەپاندنی مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان و هەڵوەشاندنی یەکگرتویی کوردستان و بنەما دەستوریەکانی.
بۆ پێشەوە بەرەو وەدیهێنانی یەکڕیزییەکی راستەقینەی خێرا
بژی پێشمەرگە
بژی کوردستان

١- د. نەزاکەت حسین
٢- د. عەبد عارف
٣- د. سەربەست رەسوڵ
٤- م. مەهدی ئەبوبەکر
٥- م. هەردی مەهدی میکە
٦- سەردار عەبدوڵا


میکانیزمەکانی وەدیهێنانی یەکڕیزی نیشتمانی


لە ئەنجامی کۆبونەوە لەگەڵ پێنج لایەنی سەرەکی کوردستانی و پاش پێشکەشکردنی (پرۆژەی یەکڕیزی نیشتمانی) و گفتوگۆی ورد لەگەڵیاندا، ئێمە لەسەر بنەمای راوبۆچونی لایەنەکان و لە چوارچێوەی هێڵی گشتی پرنسیپەکانی ناو پرۆژەی یەکەمدا، ئەم میکانیزمانەی خوارەوە دەخەینە بەردەست هەمو لایەک، بەو هیوایەی ببێتە مایەی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە لە پێناو خزمەتکردنی گەلەکەمان و چاککردنی گوزەرانی خەڵک و وەدیهێنانی یەکڕیزیەکی راستەقینە کە  بەهێزمان بکات لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە چارەنوسسازەدا.
ئەوەی ئێستا هەیە، کابینەیەکی حکومەتە کە ئەستەمە بتوانێ جارێکی تر ببێتە مایەی کۆکرنەوەی هەمو لایەک، لە بەرامبەریشدا پرۆژەکانی دیکە ئەستەمە بتوانن تەوافوق و پێکەوەکارکردنی هەمو لایەک دابین بکەن، بۆیە ئێمە لە ئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنەکان بیرۆکەی حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانیمان خستەڕو. هیچ لایەنێکیش رەتی نەکردەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەڕێژەی جیاجیا هەمو لایەک تێگەیشتنیان پیشاندا بۆ قبوڵ کردنی. لەم روانگەیەوە ئێمە بۆمان دەرکەوت کە تەنها حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی دەتوانێ هەمو لایەک کۆبکاتەوە بەجۆرێک کە دەرەقەتی لەئەستۆگرتنی ئەرکە تایبەتەکانی ئەم قۆناغە بێت.
ئەم قۆناغە کەمترە لە ساڵێک و تا هەڵبژاردن، حکومەت ئەجیندایەکی کارکردنی زۆر جیاواز لە هەلومەرجی ئاسایی پێویستە، بۆیە گۆڕانکاری لە کابینەکەدا کە دەکرێ بەو جۆرە بێت کە لایەنەکان لە سەری رێکدەکەون بە شێوازی (تەعدیلکردنیشەوە)، پێداویستی گرنگی قۆناغەکەیە. لانیکەم لەو وەزارەتانەی گۆڕینی وەزیرەکەیان دەبێتە مایەی پێکەوەگونجان و سەقامگیری و وەدەستهێنانی متمانەی زیاتری خەڵک.
نابێ بە هیچ جۆرێک بۆشایی دروست بێ، بۆیە دەبێ بە پەلە لایەنەکان کۆببنەوە، رێککەوتن لەسەر ئەندامان و کارنامەی کابینەی نوێ بکەن، یان تەعدیلە وەزاریەکە بکەن و، لەو دانیشتنەی پەرلەمان کە کابینەی ئێستا دەستلەکەر دەکێشێتەوە، هەر لە هەمان دانیشتندا کابینەی نوێ کە پێشنیاری ناوی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی بۆ دەکەین، متمانەی پەرلەمان وەربگرێت.. یان هەر لەو دانیشتنەدا تەعدیلە وەزاریەکە بکرێ و وەزیرە تازەکان متمانەی پەرلەمان وەربگرن.
حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی بە ڕەچاوکردنی بۆچونی هەمو لایەنەکان و پرۆژەی یەکڕیزیی نیشتمانی، وێڕای ئەرکی هەنوکەیی چاککردنی گوزەرانی خەڵک، واتا دابینکردنی موچەی تەواوی موچەخۆرانی کوردستان و لە کاتی خۆیدا.. ئەرکە سەرەکیەکانی ئەم قۆناغەش دەگرێتە ئەستۆ.
سەبارەت بەوەی کە لەگەڵ هەمو لایەک کۆک بوین کە یەکڕیزیی نیشتمانی پێویستە لەسەر پێگە پتەوەکانی چاکسازی خێرا و شەراکەت پایەدار بێت، لەم روانگەیەشەوە لە ئەنجامی وەرگرتنی رای هەمو لایەنەکان بۆمان دەرکەوت کە ئەرکە سەرەکیەکان بریتین لە:

شەراکەت
شەراکەتی راستەقینە پایەیەکی سەرەکی وەدیهێنانی یەکڕیزیی نیشتمانییە، بۆیە ئێمە ئەم میکانیزمانەی بۆ دەخەینەڕو:
لە حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی بچوککراوە کە پێک بێت لە سەرۆکایەتی حکومەت و چەند وەزیرێک، کە هەر یەکەیان لە یەکێک لە پێنج لایەنە سەرەکیەکە بێت. ئەم ئەنجومەنە بچوکە پێکەوە و لەسەر بنەمای شەراکەت بڕیار لە مەسەلە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکان دەدات. ئەم ئەنجومەنە هەر کاتێک پێویست بکات کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێ و بڕیاردان، لە هەر مەسەلەیەکی خێرا.
ئەنجومەنی بچوککراوی وەزیران دو هەفتە جارێک، یان لە کاتی پێویستدا، لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆدبێتەوە، لەسەر بنەمای شەراکەت و یەکتر تەواوکردن نەک راوێژکاریی، پلان و ئەرکاکان بڕیار لێدەدەن و پێکەوە چاودێری جێبەجێکردنی دەکەن.
مانگی جارێک ئەم ئەنجومەنە لەگەڵ نوێنەرایەتی کوردستانی لە بەغدا کۆدەبێتەوە.

چاکسازی خێرا
کابینەی یەکڕیزیی نیشتمانی، لیژنەیەک لە چەند وەزیرێک پێکدێنی بە ناوی لیژنەی چاکسازی، کە لەپاڵ ئەرکی رۆژانەیاندا، ئەرکی چاکسازیی راستەقینە لەو بوارانەدا دەگرێتە ئەستۆ کە دەتوانرێ لە ماوەی تەمەنی کابینەکەدا جێبەجێیان بکات. پێویستە ئەم لیژنەیە ئەجیندا و پلانێکی رونی هەبێ کە لە کۆبونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی بچوککراوەی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەماندا بڕیاری لێددرێ، وەکو پێشنیاری خێرا و زەرورەتی چاکسازی ئەم بوارانە دەخەینەڕو، کە دەکرێ بەرنامەی چاکسازیەکە زۆر فراوانتر بێت:
پاککردنەوەی لیستی موچە لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری
پەلەکردن لە چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی بتوانێ ، لەسەر بنەمای پرۆژەکەی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا. وەک پیشەیی قارەمانانەی روبەڕوی هەر مەترسیەک ببێتەوە.
کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت تا کەمترین ئاست.

گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا
وێڕای ئەوەی کە پێویستە دابینکردنی موچەی سەربەرزانەی خەڵک لە ئەولەویەتی کاری وەفدی کوردستانی بێت، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا، لە بنەڕەتدا ئەگەر ئێستا کێشەی موچەش نەبوایە، ئێمە کۆمەڵە کێشەیەکی چارەنوسساز و موزمینمان لەگەڵ بەغدا هەیە، کە پێویستە حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی بتوانێ بە یەک ئیرادەیی خۆمان و پاڵپشتی دۆستەکانمان، بە چاودێری نێودەوڵەتی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا لەسەر هەمو مەسەلە چارەنوسسازەکان بکات. لەراستیدا ئێمە و بەغدا پێویستمان بە رێککەوتنێکی تازە هەیە بە چاودێری نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی عادیلانەی هەمو کێشەکانمان، لەوانەش کێشەی خاک (واتا کەرکوک و ناوچە کوردستانیە کێشەلەسەرەکان)، دابەشکردنی عادیلانەی دەسەڵات و سامانی عیراق، چەسپاندنی شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگی و دەرچواندنی ئەو یاسایانەی رەهەندی دەستوریان هەیە و... زۆر شتی دیکەش، کە ئەگەر داوامان لێ بکرێ، ئەوا ئێمە ئامادەین ئەجیندایەکی دانوستاندن بۆ حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی پێشنیار بکەین.
لە راستیدا ئەم دۆخە سەلماندی کە عیراق تەنها لە دەستوردا فیدرالی بوە، نەک لە سەر ئەرز، ئەم ئەزمونەش شکستی هێنا، بۆیە پێویستمان بە رێککەوتنێکە کە مافی عادیلانەی پێکهاتەکان مسۆگەر بکات و، ببێتە مایەی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتی ئیتیحادی راستەقینە کە بتوانێ دەردی کوشندەی گەندەڵی چارەسەر بکات و کاروانی پەرەپێدانی هەمەلایەنە بخاتەڕێ، ئەگینا بە پێچەوانەوە درێژەدان بەمجۆرە سیاسەتانە کارەسات و تەنانەت دابەشکردنی عیراقی لێدەکەوێتەوە، کە لەوانەشە خوانەخواستە خوێناوی بێت هاوشێوەی ئەوەی لە بەلقان رویدا.
لەگەڵ ڕێز و حورمەتدا

١- د. نەزاکەت حسین
٢- د. عەبد عارف
٣- د. سەربەست رەسول
٤- مەهدی ئەبوبەکر
٥- هەردی مەهدی میکە
٦- سەردار عەبدوڵڵا



AM:09:21:03/12/2017