هەڤاڵ ئەبووبەكر دەستبەكاربوو

هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو، یەكەم نوسراویشی لەبارەی دەستبەكاربوونەكەیەوە بوو.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی كانوونی یەكەم هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو، هاوكات عومەر قەڵادزەیی كە پێشتر لە بری پارێزگاری سلێمانی كارەكانی ڕایی دەكرد، پۆستەكەی ڕادەستی پارێزگاری نوێ كرد.

هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر لە یەكەم فەرمانی كارگێڕییدا، نووسیویەتی "ئەمڕۆ دەستمان بە دەوامی فەرمی كرد، دوای دەستبەكاربوونمان لە پاش نیوەڕۆی دوێنی ٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧ وەك پارێزگاری سلێمانی".

هەڤاڵ ئەبوبەكر، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و وەك سەرۆكی لیستی گۆڕان ٢٤١ هەزار دەنگی هێنا، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی گۆڕان لە كۆی ٣٢ كورسی ئەنجومەنی پارێزگا، تەنیا ١٢ كورسی هێنا و نەیتوانی ١٧ كورسی كۆبكاتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی، دواتریش گۆڕان و یەكێتی ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی، هەر لایەنێكیان ماوەی دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرن.

دوو ساڵی یەكەم ئاسۆ فەرەیدون، لەپشكی یەكێتی بووە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام لە دوو ساڵی دووەمدا لەبەرئەوەی دامەزراندنی پارێزگار پێویستی بە ئیمزای سەرۆكی هەرێم هەبوو، گۆڕانیش ئامادەنەبوو بە ئیمزای بارزانیەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر ببێتە پارێزگاری سلێمانی ئەو پرۆسەیە دواكەوت و دوای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، لە ٢٩ی ١٠ ی ٢٠١٧ دا، گۆڕان نوسراوێكی بۆ دەستبەكاربوونی (هەڤاڵ ئەبوبەكر)ی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كرد، دوێنیش ٣ی كانوونی یەكەم، فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەرچوو.



AM:09:19:04/12/2017