لەبری بەشە خۆراكە نەدراوەكان قەرەبووی هاوڵاتیان دەكرێتەوە

بەشە برنجی یەك مانگی‌ دیكە گەیشتۆتە سلێمانی‌ و لەگەڵ بەشە شەكری  مانگی‌ ئابی ئەمساڵدا دابەش دەكرێت و لەبارەی بەشە خۆراكە نەدراوەكانیشەوە زانیاری ئاشكرادەكرێت.

شەوكەت محەمەد، بەرێوەبەری‌ كۆمپانیای‌ خۆراك لەسلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە "لەئێستادا بەشە برنجی پێویست گەیشتۆتە سلێمانی‌ و لەلایەن بەرێوەبەری‌ دانەوێلەی سلێمانییەوە لەكۆگاكاندا دانراون، هەركاتێك ئاگادارمان بكەنەوە دەست بەدابەشكردنی‌ بەسەر هاوڵاتیاندا دەكرێت.

ئاشكراشیكرد، بەشە شەكری مانگی‌ ئابی ئەمساڵیشمان بۆ دابینكراوە و هەركات كۆتایی بەشەكری‌ مانگی‌ تەمووز هات دەست بەدابەشكردنی‌ بەشە شەكری مانگی‌ ئابی ئەمساڵیش دەكرێت.

لەبارەی‌ ئەو بەشە خۆراكانەی‌ كە لەمساڵدا نەدراون، شەوكەت محەمەد باسی لەوەشكرد كە هەر بەشە خۆراكێك دابەش نەكرێت قەرەبووی‌ هاوڵاتیان دەكرێتەوە،"بەڵام لەئێستادا چاوەڕوانی حكومەتی‌ ئیتحادیی دەكەین و هەر بڕیارێك بۆ قەرەبووكردنەوە دەربكات بەخۆراك بێت یاخود بە پارە، هەرێمی‌ كوردستانیش دەگرێتەوە".



AM:09:35:04/12/2017