بەیانی ئەمڕۆ ٤ کانونی یەکەم چەکدارانی حوسی سەر بە ئێران، کوژرانی سەرۆکی پێشووی یەمەن عەلی عەبدوڵا ساڵح یان بڵاوکردەوە، دوای ماوەیەکی کەم ڤیدیۆ و وێنەی کوژراوی ساڵح بڵاوکرایەوە.
میدیا عەرەبییەکان و کەناڵی بی بی سی بەریتانی هەواڵی کوژرانی عەلی عەبدوڵا ساڵح سەرۆکی پێشووی یەمەنیان بلاوکردەوە، هاوکات دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، لەلایەن حزبی موئتهمهر، حیزبەکەی ناوبراوەوە هەواڵەکە پشتڕاستکرایەوە.
حیزبی موئتەمەر ڕایانگهیاند عەلی ساڵح له ناوچهی "سهنحاب" له نزیك شاری سهنعا كوژراوه. کوژرانی ناوبراو دوای تەقینەوەی ماڵەکەی دێت، کە دیارە دواتر دەیەوێت لەگەڵ ژمارەیەک چەکداریدا هەڵبێن بۆ مەئرەب، بەڵام لە رێگا لە خاڵێکی پشکنین حوسیەکاندا دەکوژرێت.
سەرەتای ئەم هەفتەیە عهلی عهبدوڵا ساڵح بڕیاری دا کە هاوپیەمانیتییەکەی لەگەڵ حوسییە شیعەکان هەڵوەشێنێتەوە، ئەم هەڵوێستەی لەلایەن سعودیە و هاوپەیمانەکانیەوە پێشوازی لێکراو ماوەی سێ رۆژە شەڕێکی قورس لەنێوان حوسیەکان و چەکدارانی سەر بە عەلی ساڵح هەڵگیرساوەو پایتەختی یەمەن بۆتە مەیدانی ئەو شەڕە.
عەلی عەبدولآ ساڵح ئەو دەمەی سەرۆکی یەمەن بوو بەیەکێک لە دۆستە ستراتیژیەکانی سەدام حسێن دەناسرا لە شەڕی عێراق لەگەڵ ئێران و تا رووخانی ئەو رژێمە لەلایەن ئەمەریکاوە، ساڵح دۆستێکی نزیکی رژێمی عێراق بوو.