" مەسعود بارزانی پێیوایە هەرێم لەگەڵ بەغدا ناگاتە ئەنجام "

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە هەرێم لەگەڵ بەغدادا لەرووی مووچە و کێشە سیاسیەکانەوە ناگەنە ئەنجام.

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بە سپی راگەیاند، بارزانی لەم کۆبوونەوانەی دواییدا کە لە پۆستی سەرۆکی هەرێم نەماوە لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتەکەی و لایەنەکانی تردا ئەنجامی داوە، کۆمەڵێک بیروڕای خۆی لە کۆبوونەوانەدا دەربڕیووە، لەسەرەتادا ئەو پێیوایە کە گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا ناگاتە هیچ رێککەوتنێک و ئەنجامی نابێت.

بارزانی وەک ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێکرد، باسی لەوە کردووە کە ئەگەر دوای کەرکوک بەر لەسووپای عێراق نەگیرایە و هێزی پێشمەرگە لە پردی و ناوچەکانی فیشخاپور رووبەرووی نەبونایەتەوە، ئەوا ملهوڕی تری دەکردو هەوڵی دەدا هەرچی خاڵە سنوریەکانی نێوان تورکیا و هەرێم و ئێران و هەرێم لە رێگای سوپاوە کۆنترۆڵ بکات.

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم ( نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی ) بەرامبەر بەغدا، بارزانی پێیوایە نەدەبوو حکومەتی هەرێم ئەو سازشانە بکات کە بەرامبەر بەغدا کردی، لەوانە سڕکردنی ریفراندۆم و داننان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر ریفراندۆم و ئەنجامەکانی.

لەسەر بارودۆخی ئابوری هەرێم و مووچەی فەرمانبەران، مەسعود بارزانی پێیوایە حکومەتی هەرێم ئەگەر خۆی رێکبخاتەوە لە رووی داراییەوە دەتوانێت وەک ئێستا مووچە بدات. ( بە سیستەمی پاشکەوتی مووچە ).

هەروەها بارزانی پێیوایە، هەرێمی کوردستان ئێستا وەک سەرەتای ئەنجامدانی ریفراندۆم کەنارگیر نەکەوتووەو تا ڕادەیەک دەرگاکانی دیبلۆماسیەکانی بەڕوودا کراوەتەوە، لەوانە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و وەفدی حکومەت بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن سەرۆکی ئەو ولآتە. هەروەها سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کە وابڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەو کۆمەکە سەربازییانەی ئەمەریکاو رۆژئاوا پێشکەشی پێشمەرگەی دەکەن.

بارزانی دوای ١٢ ساڵ لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی کوردستان دەستلەکاركێشانەوەی خۆی لەو پۆستەدا راگەیاند. 




PM:06:47:08/12/2017