لە سلێمانی ١٣ شوێن داخراون‌‌و ١٨٥ شوێن سزادراون

لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەمانگێکدا لەسەر سەر پێچی ١٣ شوێنیان داخستووەو ١٨٥ شوێنیشیان سزای مادی دراون.

لە راگەیەنراوێكدا کە تایبەتە بەکارو چالاکیەکان لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئاشکرای دەکەن " لە مانگی تشرینی دووەم و لە 1/11 تاوەكو 30/11 لیژنەكان 3079 سەردانیان شوێنە گشتییەكان ئەنجام داوە، لە كۆی ئەو سەردانانەشدا بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییە تەندروستی و فیترنەرییەكانەوە  284 شوێن ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكان بن و بەوهۆی سەرپێچیشەوە 13 شوێن داخراون 185 شوێنیش سزای ماددی دراون".

لە ئامارەكەدا هاتووە " لەماوەی یەك مانگدا بڕی 14 تۆن و 711 كیلۆگرام مەوادو خۆراكی ماوەبەسەرچوو لە ناوبراون، و كۆی گشتی پارەی غەرامەكراویش بریتییە لە 14  ملیۆن و 3 سەد و 35 هەزار دینار و پێی  یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی".

بە پێی رێنماییەكانی لیژنە هاوبەشەكان هەرشویێنێك پابەند نەبێت، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێت، و لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەی سەرپێچیەكانیشدا رووبەرووی دادگا دەكرێنەوە.




PM:07:44:08/12/2017