بە ڤیدیۆ.. مەحمود سەنگاوی هێرشێکی توند دەکاتە سەر قوباد تاڵەبانی

مەحمود سەنگاوی هێرشی توند دەکاتە سەر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، دەڵێت "جەنابی قوباد تاڵەبانی، كە هەموو ڕۆژێ‌ جانتا هەڵدەگرێت بۆ نێچیرڤان بارزانی، وەرە لە كەسوكاری شەهیدەكان بپرسەرەوە".

لەوتەیەکدا مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشووی، دوێنێ‌ شەممە 9\12\2017، لە كۆنفرانسی ڕێكخستنە دێرینەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چۆمان، ڕەخنەی توند لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێت: "300 خانەوادەی شەهید لەم سنورە زەوی وەرنەگرتووە، وەزیری شەهیدان بۆ زەویان پێنادەیت؟ ئەوانەی ئێمە هەموو ڕۆژێ‌ دوعا دەكەن خودایە ئەم بەرپرسیاریەتەمان لێنەسەنیتەوە، داڕزان باشترە لەو بەرپرسیارێتییە، جەنابی قوباد تاڵەبانی، كە هەموو ڕۆژێ‌ جانتا هەڵدەگرێت بۆ نێچیرڤان بارزانی، وەرە لە كەسوكاری شەهیدەكان بپرسەرەوە، بپرسەوە لە خەڵك و كادرەكانت، خۆ ئێمە ئەومان نەناردۆتەوە لەبەر پیرۆزی، ناردومانە نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت، بەڵام بەڕاستی نوێنەرێكی بێهێزە، من لە سەرەتاشەوە، كە لە مەكتەبی سیاسییەوە ئەو پۆستەی پێدرا من دژی بووم، وتم با لە حزبەوە پێبگات ئێستا بچێتە حزب دەبێتە فەرمانبەرێكی دەستەوەستان".

مەحمود سەنگاوی، لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە جاران دەمانوت خودای پەروەردگار و چیاكان پشتووپەنامانن، ئەمجارەش دەركەوت كاتێك دەوڵەتی عیراق پەلاماریداین دۆستەكانمان پشتیان تێكردین".

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە "لە كوردستاندا تەنها مام جەلال سیاسی بوو، كاك مەسعود هەڕەشەی لە ئەمریكا دەكرد، پێمان وت پشتمان بێهێزە، بەڵام بەقسەی نەكردین، من نامەویت هیچ قسەیەك لەسەر بارزانی بكەم، بەڵام لە سیاسەتی دونیا تێنەگەیشتبوو".
سەبارەت بە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو لێدوانانەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە دەڵێن ژمارەیەك ئەندامی یەكێتی خیانەتیان كردووە وتی، "من بەرگری لەو كەسانە ناكەم، زانیاری ئەوەشم نییە خیانەتیان كردووە یان نا، بەڵام ئەگەر ئێمە ئەو خیانەتەمان كردبێت بارزانی تا تەپڵەسەری لە خیانەتدایە".

مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەموو ئەو كێشانە خەتای سەركردایەتی حزبەكەیەتی و دەشڵێت: "ئەم سەركردایەتییەی ئێستا قابیلی ئەوە نییە پێشەوایەتی حزبێكی گەورەی وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات، بە خۆشمەوە ناتوانین پێشەوایەتی ئەم حزبە بكەین".

ئەمڕۆش قوباد تاڵەبانی لە مەراسیمی خویندنەوەی راپۆرتی دەستەی دەستپاکی لە هەولێر، بەبێ ناوهێنانی مەحمود سەنگاوی وەلآمێكی توندی دایەوە.




PM:06:19:10/12/2017