" حکومەتی هەرێم ئەمساڵ مووچەیەکی تریش دەدات "

هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و، رابەر سدیق وەزیری دارایی بە وەکالەت رایانگەیاندووە کە ئەمساڵ ٢٠١٧ حکومەت مووچەیەکی تر دەدات بە مووچەخۆران". 

ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری لەگەڵ د. شێرکۆ جەدوت سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان کە پاش کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانی ئەو بوارە، سازیان کرد، د. ئامانج رەحیم وتی" لە کۆبوونەوەکەدا هەر سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارای جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەمساڵ حکومەتی هەرێم مووچەیەکی تری مووچەخۆرانی هەرێم دەدات".

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پاکسازی لەناو لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیناندا دەکرێت.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەشی خستە روو کە لە ٧٠% بوودجەی هەرێم بۆ مووچەی مووچە خۆران و دەرماڵە دەڕوات کە ئەو بڕە زۆر زۆرە.

ئامانج رەحیم ئاشکرای کرد کە پەرلەمانتارانی کوردستان لەگەڵ هاوڕێکانیان لەگەڵ پەرلەمانی عێراق لە هەماهەنگیدا دەبن، بە چەسپاندنی پشکی هەر‌ێم لە بوودجەی ٢٠١٨ عێراق.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دوو رێگا لەبەردەم هەرێمدایە، یەکێکیان گفتوگۆ و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، دووەمیشیان پشتبەستن بە داهاتی هەرێم، هێشتا ئەمە روون نەبۆتەوە بۆ ئەوەی هەرێم پلانی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئاشکرا بکات، ئەو هەنگاوە چاوەڕوانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات، کە ئێستا فەرەنسا و بەریتانییەکان دەیانەوێت ئەو گفتوگۆیە دەستپێ بکات.

د. شێرکۆ جەودەت سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەسەر هەستیاری ئەم بارودۆخە کردەوە، داوای کرد کە حکومەت و پەرلەمان رشکاوانە مامەڵە لەگەڵ یەک و خەڵک بکەن.

ئەو کۆنگرە رۆژنامەگەریە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان دێت کە ئەمڕۆ لەسەر باری ئابوری و دارایی هەرێم لە بینایەکی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
    
 



PM:02:05:13/12/2017