جەعفەر ئیمینیكی: ساڵی داهاتوو بە سیستمێكی نوێ مووچە دابەش دەكرێت

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كورستان رایدەگەیەنێت بەپاساوی ڕیفراندۆم هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی چەندین تاوانیان دژ بە كورد ئەنجام داوە لەناوچە دابڕێنراوەكان، لەبارەی موچەشەوە دەڵێت "ساڵی داهاتوو بە سیستمێكی نوێ دابەشكردنی مووچە بەردەوام بێت".

جەعفەر ئیمنكی لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا وتارێكی لە پەرلەمانی كوردستان پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەشێوەیەكی جیاواز لە ساڵەكانی تر یادی ئاڵای كوردستان دەكەینەوە، بەتایبەتی بەهۆی ڕووداوەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە و وتی "حكومەتی فیدراڵ بەپێچەوانەی بانگەشەكانی چەندین بڕگە و ماددەی دەستووری پێشێل كردووە، بەتایبەتی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لەدژی هەرێمی كوردستان".

جەختی لەوەشكردەوە، كە پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبخرێتەوە، ڕۆڵی بەرگریكارانەی خۆیان لە ئایندەی كوردستاندا ببیننەوە.

لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی پێشمەرگەشەوە راگەیاند "نە حكومەت بەنیازە دەست بۆ موچەی پێشمەرگە ببات و نە پەرلەمانیش پێشنیاری لەم شێوەیە دەكات، بەڵكو دەمانەوێ ئێمە و حكومەت بەیەكەوە لەڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیاریەتییەوە ئەم قەیرانە چارەسەربكەین".

وتیشی "سەرجەم پلەدارەكانی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی پێشمەرگە پاشەكەوتی موچە دەیانگرێتەوە، بەڵام خودی پێشمەرگە و ئاسایشی ئاسایی دەستكاری مووچەكانیان ناكرێت".

هەر سەبارەت بە پاشەكەوتی موچە وتی "لەئایندەیەكی نزیكدا یاسایەكی تایبەت بە پاشەكەوتی موچە دێتە پەرلەمان و پڕۆژەكە لەلایەن حكومەتەوە ئامادەدەكرێت، پێكدێت لە ٣٠ ماددە كە تایبەتن بە چاكسازی مووچە و بەوەش گرفتە داراییەكان چارەسەردەكرێن".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی وت "دەتوانین داهات زیادبكەین و خەرجییەكان كەمبكەینەوە، حكومەتیش لەتوانایدا دەبێت هەم موچە وەك ئێستا بدات و هەمیش زیاتر هاوكاری پێشمەرگە بكات".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداشەوە ڕایگەیاند سەرەڕای ئەو هەموو تێبینیەی هەمانە لەسەر بەغداد، جەخت لە دیالۆگ دەكەینەوە، نابێت مەنتقی هێز زاڵ بێت بەسەر بۆچونەكانماندا، چونكە جگە لە دیالۆگ هیچ چارەیەكی ترمان نییە، وتیشی "هەقە بەرپرسانی بەغداد ئەو مەترسیانە بەجدی بگرن و ڕێز لە هەڵوێستی هەرێم و بانگەوازی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگرن".




PM:12:27:17/12/2017