سبەی دوو شەممە مامۆستایانی ناڕازیی بریاریان داوە خۆپیشانداێکی گەورە سازبکەن، رۆژێکیش پێش ئەو خۆپیشاندانە، وەزیری پەروەردە پەیامێکیان ئاراستە دەکات باس لە هەندێک پێشنیار دەکات.
پشتیوان سادق ، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی (١٦/١٢/٢٠١٧)، بەشداریمان لە كۆبوونەوەی ئاسایی یەكێتی مامۆستایان كرد كە تیایدا سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان و جێگرەكانی و ئەندامانی سكرتاریەت و بەرپرسی لقەكان تیایدا ئامادە بوون".
وەزیری پەروەردە لە نووسینەکەییدا دەشڵێت "ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا هەیە، بۆ تێپەڕاندنی پێویستی بە یەكڕیزی هەموومان هەیە، چونكە ئەم كێشە و قەیرانانەی بەغدا بۆ كوردستانی دروست كردووە، بەرهەمی عەقڵی حوكمڕانی بەغدایە لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا".
هەروەها دەڵێت" مامۆستایان لە ناخۆشترین باری گوزەران و ژیاندان، بۆیە جێگەی سوپاس و ڕێزن كە ڕێگە نادەن قوتابی و خوێندكاران لە خوێندن بێبەش بن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم لە قەیرانی دارایی و ئابووریدایە، بەڵام ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ خزمەتكردنی مامۆستایان دەیكات، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێك پێشنیار خرانە ڕوو و هەوڵ دەدرێت كاری جددیان لەسەر بكرێت.