دواین لێدوانی سەرۆکی حکومەت لەبارەی مووچەوە

سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئه‌یلول به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌ست به‌ پڕۆسه‌كه‌ كراوە.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی كانوونی دووه‌می 2017، لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند "دابه‌شكردنی مووچه‌ ئێستا و مانگه‌كانی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی نۆ كردووه‌".

وتیشی "به‌غدا رێگه‌ نادات سوود له‌ نه‌وتی كه‌ركوك وه‌ربگرین و هه‌رێمی كوردستان بینێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ یان‌ خۆیان بیفرۆشن و پاره‌كه‌ی بدرێته‌ مووچه‌ و ره‌وشی خه‌ڵكی پێ چاكبكرێت".

سەبارەت بە كەمكردنەوەی مووچەی پێشمەرگە سەرۆكی حكومەت ئاشكرای كرد "لەگەڵ وەزیری دارایی بەردەوام لە دانیشتنداین بۆ ئەوەی بزانین چۆن رێكی بخەین، وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 دەبێ یارمەتیدەربن ھەوڵدەدەین كێشەكانیان چارەسەر بكەین".

لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "سەرەخۆشی دەکەین لە خێزانی ئەو کەسانەی گیانیان لەستداوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند "خۆپیشاندانی ئاشتییانە و مەدەنی مافی سرووشتی خەڵکە، لە داوای خەڵک تێدەگەین بۆ بژێوی ژیانی، بەڵام دروستکردنی ئاژاوە مانای خۆپیشاندان نییە. دەستێکی تێکدەر هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی مەدەنی، ئێمە دەزانین تەحریک هەیە و خەڵک هەیە پاڵپشتی دروستکردنی ئاژاوە دەکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و گەلی کوردستانیش دژی ئاژاوەن و رێگەنادەن ئاسایشی کوردستان تێکبچێت".

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "پێویستمان بە یەکڕیزییە چونکە لەبەردەم تەهدیدی جددین. دەبێ یەکڕیز بین، ئەگەر یەکڕین نەبین ئەوا کەس فریامان ناکەوێ خۆمان نەبێت، موئامەرەی سەر کوردستان زۆر لەوە گەورەترە کە هەستیپێدەکرێت".



PM:03:18:21/12/2017