بەرپرسێکی یەکێتی ڕەتی دەکاتەوە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران ببێتەوە

عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە  لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە راپەڕین دوورخرابێتەوە و دەڵێت "ناچمە سەنگەری دژی خەڵک".

عەدنانی حەمەی مینا، بە ماڵپەڕی "خەندان"ی ڕاگەیاندووە "من ئاگاداری بڕیاری وا نیم و بەڕەسمی کەس ھیچی بە من نەوتوە ، وەلەناو ھەرحزبێکی سیاسیدا ئەگەر گۆڕانکاری بکرێت لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی و لەڕێگەی  دەزگا شەرعییەکانەوە بێت کارێکی ئاساییەوە".

باسی لەوەشکرد، لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا نەخۆش بووەو لە ماڵەوە بووە،" نازانم ئەگەر شتێکی واش  بوبێت ئاگام لێی نییە".

وتیشی، "من تائێستاش لێپرسراوی مەڵبەندم ئاگاداری ھیچ شتێکی وا نیم و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیم ئەو یەکێتییەی  لە ھەناوی  خەڵکەوە دروست بوو".

دەشڵێت "ھەندێک کەس ئەو دەسەڵات و پێگەیەی ھەیەتی  کەئێستا لە حکومەتدان  لەسەر کورسی ،بە ڕەنج و خوێنی کوڕی خەڵک چوونەتە سەر کورسی، خەڵک کوڕەکانی بەخشییە یەکێتی بۆئەوەی خزمەتی بکات  بۆ ئێستایەکی باش و ئایندەیەکی گەشتر بۆ منداڵەکانی "

سەبارەت بە داواکاری خۆپیشاندەران، ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر خەڵک داوای مافی خۆی بکات بەشێوەیەکی مەدەنیانەوە لەچوارچێوەی یاسادا زیان بە بەرژەوەندی گشتی و دامودەزگاکان نەگەیەنێت  لەگەڵ پشتیوانی ئەوەم". ھەر شتێک دژی ئیرادەی بەرژەوەندی گەل و و خەڵکی کوردستان بێت لەگەڵیدا نیم، من وەک یەکێتیەکی ڕەسەن  پشتیوانی لە و داوایە دەکەم".

لەسەر تەقەکردن لە خۆپیشاندەران مینا وتی" کەسیش پێی نە وتوم تەقە لە خۆپیشاندەران بکەم ، ھەرکەسیش پێم بڵێ من ناچمە سەنگەری دژی خەڵک.ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن خەڵکی ئەم وڵاتەن ، پشتیوانی داوای ڕەوای ئەوانم، بەڵام تکا دەکەم  وریابن  ھیچ ئەجێندایەک داواکانی ئەوان ناشرین نەکات بۆ بەرژەوەندی خۆی ".



PM:02:57:22/12/2017