تەرمی هاوڵاتیەك دۆزرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند‌ تەرمی‌ هاوڵاتییەكیان دۆزیوەتەوە و كە چوار رۆژ لەمەوبەر كوژراوە.

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی‌ دەست "سپی میدیا" كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند كە "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 24ی 12ی 2017 دوای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیس، تەرمی هاوڵاتییەك لەناو پڕۆژەی شاری دایك (بەرامبەر چاڤی لاند) بە كوژراوی دۆزرایەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە كە "دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكان تەرمی هاوڵاتییەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كرا ".

پۆلیسی سلێمانی‌ ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو هاوڵاتییە رەگەزی نێرە و تەمەنی نزیكەی 30 ساڵ دەبێت".

ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو كە "نزیكەی 4 رۆژە كوژراوە و بەهۆی ئەوەی هیچ ناسنامەیەكی پێ‌ نەبووە تا ئێستا ناوو تەمەن و شوێنی نیشتەجێبوونی نەزانراوە".

راشیگەیاندووە كە "لە ئێستاشدا هێزەكانی پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی وردن و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ روودداوەكە كراوەتەوە".



PM:01:01:24/12/2017