ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند " هه‌رێمی كوردستان به دۆخێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیداردا گوزه‌ر ده‌كات".
لەراگەیەندراوێکدا سەلاحەدین بەهادین کە ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه له شاری هه‌ولێر بڵاویکردەوە، وتی "له‌م قۆناغه كه هاتۆته پێش ئێوه ده‌توانن زیاتر خزمه‌ت به توێژی قوتابیان و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی بكه‌ن، قوتابیانی گه‌شه‌پێدان به قوتابی زیره‌ك و خاوه‌ن ره‌وشت و زانست په‌روه‌رو ڕه‌وشت به‌رزبووه له‌رابردو ده‌بێت ئه‌و سیمایانه‌ی رێكخراوه‌كه‌تان پێی ناسرابوو پارێزگاری لێ بكه‌ن".
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەگەڵ قوتابیانی یەکگرتوو سازیکردبوو، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو باسی له‌وه‌كرد كه "ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی رێكخراوی گه‌شه‌پێدان قورسه بۆ په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌م نه‌وه‌یه له‌م بارودۆخه سیاسیه و گه‌نده‌ڵی و سیسته‌می ئیداری وای كردووه بڕوا و متمانه‌ی به هیچ شتێك نه‌مێنێت ئێوه ده‌توانن ئه‌و ئومێد و هیوایهبن بۆ داهاتووی گه‌ل و نیشتمان".
وتیشی: "هه‌رێمی كوردستان به دۆخێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیداردا گوزه‌ر ده‌كات پێویسته گه‌نجانی ئێمه وشیاربن بۆ له‌ناونه‌چوونی ئه‌م ئه‌زموونه".
ئەو لێدوانەی سەلاحەدین بەهادین لە کاتێکدایە کە دوێنی سەرکردایەتی حیزبەکەی بڕیاریدا ماوەی ١٥ رۆژ بەمەرجەوە بدەنەوە بەحکومەت بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێنەکرێن دەکشێنەوە لە کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی.