رابوون مەعروف دوای ئازادبوونی پەیامێکی بڵاوکردەوە دەڵێت" راست و راستگۆ دەمێنمەوە لەگەڵ گەل و وڵاتەکەی خۆم".
لەو پەیامەدا هاتووە "سووپاس بۆ خوا و دواتر ھەموو ئەوانەی بەخەمەوە بوون و رێزیان گرتین، جارێکیتر ئازادانە لە ناو خەڵك و میللـەتی خۆمانین".
لە درێژەی پەیامەکەدا رابوون مەعروف دەڵێت "ھەموو ستراتیج و پرۆژەی سیاسی ئێمە لەسەر بەلاوە خستنی توند و تیژی و پاراستنی ئاسایش و جێگیری کوردستان بەندە. توند و تیژی و رقی ھەموان لە ھەموان ئەم وڵاتە وێران دەکات. ئێمە متمانەمان بە گەلەکەمان ھەیە کە ھەر بە میکانیزمە مەدەنیەکان دەتوانین وڵاتەکەمان بگۆڕین و ئایندەیەکی باشتر بنیات بنێین".
مەعروف سەڵاو لە شەھیدەکان دەکات و دەڵێت "جێگەیان بەھەشتە پشتیوان بە خوا. ھیوای چاکبونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم. شەریکی خەم و پەژارەی خێزان و کەس و کاری شەھید و بریندارەکانم".
لە کۆتایی دا دەڵیت "دڵنیابن منیش، وەك ھەمیشە، راست و راستگۆ دەمێنمەوە لەگەڵ گەل و وڵاتەکەی خۆم! دڵم لاتانە و لە نیگەرانی و خەم و پەژارەتان دەگەم. خوا گەل و وڵاتەکەمان لە تەنگانە و میحنەت بپارێزێت و ھەموومان پێکەوە ئایندەیەکی چاکتر و رووناکتر بنیات بنێین. پێکەوە بەردەوام دەبین!".