باوکی خوێندکارێک مامۆستایەک بریندار دەکات

پەروەردەی هەولێر وردەكاری برینداربوونی مامۆستایەك ئاشكرادەكات و داواش دەکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕووداوەکە گەورە نەکەن.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی  بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە، ئەوەخراوەتەڕوو، ڕۆژی 27ی كانوونی یەكەمی 2017، گرژی لە نێوان باوكی خوێندكارێك و مامۆستایەك لە قوتابخانەیەكی سەر بە پارێزگای هەولێر ڕوویدا و لەئەنجامدا مامۆستاكە بریندار بوو، بەخێرایی لەلایەن پەروەردەی دەشتی هەولێرەوە لیژنەیەك پێكهێنراوەو داواش لەپۆلیس كراوە لەوردەكاری ڕووداوەكە بكۆڵێتەوە، تا لە ڕووی یاساییەوە مافی مامۆستاو حەرمی قوتابخانە پارێزراو بێت.

پەروەردەی هەولێر داواشی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كردووە، لەم دۆخە ناهەموارەی كوردستان و قورسی باری گوزەرانی مامۆستایان، بە چاوێكی كراوەوە كار بكەن و ئاگاداری شكۆی مامۆستاو خوێندنگەكان بن و بەدوای پرسی گەورەتر بگەڕێن كە ئێستا زۆرو زەوەندن و ڕووداوەکە لە قەبارەی خۆی گەورە نەکەن.


رۆژی چوارشەممە 27-12-2017، لە گوندێکی نزیک هەولێر مامۆستایەک زللە لە قوتابییەکی دەدات، بەڵام زۆری پێناچێت باوکی قوتابییەکە بەدەمانچەوە هێرشدەکاتە سەر قوتابخانەکە و "بە بەرد لە پێنچ مامۆستا دەدات".




PM:10:09:28/12/2017