د.میران محەمەد: پۆستەکەم تاپۆ نەکردووە

 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، کاتەکە کاتی گۆڕانکارییە، و پۆستەکەی بۆ نەماوەتەوە و تاپۆشی نەکردووە، بۆیە بە لابردنی خۆشحاڵە.


د.میران محەمەد بەڕێوەبەری لەکارلادراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی پارێزگای سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی سازکرد، کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی لە پشتیەوە وەستابوون.

لەو کۆنگرەیەدا میران محەمەد باسی لە هەوڵ و چالاکییەکانی خۆی کرد  و وتی، هەوڵیانداوە ئاستی نەخۆشخانەی حکومی لە نەخۆشخانەی تایبەتی بەرزتر بێت، بۆئەوەی هاووڵاتیان و کەسوکاری شەهید و ئەنفال ناچارنەبن پارە خەرج بکەن بۆئەوەی چارەسەری تەندروستییان بۆ بکرێت.

لەبارەی لادانی لە پۆستەکەی وتی، ئەو پۆستەی بۆ نەماوەتەوە، لە ئێستاشدا خەڵکی بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی داوای ئەوە دەکەن دەموچاوی تازە بێتە پێشەوە، لەوەیە خەڵکی پێی خۆشتربێت لە بری دکتۆر میران کە پێنج ساڵە لەسەر تەلەفیزیۆن دەردەکەوێت، کەسێکی تر ببینێت.

داوای لێبوردنیشی لەهەر منداڵێک و پیرەپیاو و پیرەژنێک کرد کە چووبێتە هەر مەڵبەندێکی تەندروستی و وەکو پێویست چارەسەر نەکرابێت.

باسیشی لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکەی کرد و ڕایگەیاند، قەیرانی دارایی دیارترین بەربەست بووە، بەو هۆیەوە لە ٢٠١٥وە ئیشیان بووە بە پەیداکردنی پارە و قەرزکردن، ئەوەش وایکردووە ئاستی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی دابەزێت.

هەر سەبارەت بە بڕیاری دوورخستنەوەی وتی، هاووڵاتیان داوای دەموچاوی تازە دەکەن، بۆیە کاتێک جێگری سەرۆکی حکومەت پێی وتووە بڕیاری گۆڕانکاری داوە و ئەویش دەگرێتەوە، دەستخۆشی لێکردووە.



PM:06:14:29/12/2017